لە رۆژی جیهانیی ماچدا.. سوودەكانی بۆ تەندروستی چییە؟

:: PM:09:01:06/07/2024 ‌

دەڵێن تەندروستی تاجێكە لەسەر سەری مرۆڤ تەنیا ئەوانە دەیبینن كە نەخۆشن، بۆیە هەموو كەسێك لەو ژیانە دەیەوێ زیاترین كات بە تەندروستییەكی باش بەڕێ بكات، ئەمڕۆ رۆژی دنیایی ماچە، شارەزایان بە بوونی تەندروستییەكی باسی دەبەستەوە.

لە رووی زانستییەوە دەركەوتووە ماچ بۆ تەندروستی باشە و یارمەتی دابەزاندنی كێش و پەستانی بەرزی خوێن دەدات، جیا لە رووبەڕووبوونەوەی چەند جۆرێك نەخۆشی، بابەتەكە پێوەندی بە دەردانی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسینەوە هەیە، كە بە هۆرمۆنی خۆشەویستی ناسراوە، بۆیەش دەگوترێ لەباوەشكردن و بەریەككەوتنی منداڵی تازە لەدایكبوو و دایك زۆر گرنگە. 

شارەزایانی بواری تەندروستی دەڵێن، هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین حەسانەوە بە لەش دەبەخشێت، بەتایبەتی كاتێك لە نزیك كەسێكی تردا دەبین، هەستی پێوەندی و بەیەكەوبوون و متمانە دروست دەكات، جیا لەوە هەستی رارایی و نیگەرانی كەم دەكاتەوە، بەپێی توێژینەوەكان لێكنزیكبوونەوەی جەستەیی تەنیا نابێتە زیادبوونی دەردانی ئەو هۆرمۆنە، بەڵكو دەردانی هۆرمۆنی رارایی، واتە كۆرتیزۆل كەم دەكاتەوە.

بۆیە لەكاتی لەباوەشدانی كەسێكی خۆشەویست و ئازیز، لەش هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین دەردەدات، كە مرۆڤ هەست بە خۆشی و هێمنی و حەسانەوە دەكات، بەو هۆیەش دەبێتە هۆی كەم دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كە بەرگریی لەش لاواز دەكات، بۆیە توانای سیستمی بەرگریی لەش بەرانبەر بە هۆكارەكانی نەخۆشی باشتر دەبێت.

هەر بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتووە بەریەككەوتنی جەستەیی نەخۆشییەكانی دڵ و خوێن كەم دەكاتەوە، كاتێك توێژینەوەیەك دەری خستووە پەستانی خوێنی ژن دوای باوەشكردن لەگەڵ هاوسەرەكەی كەم دەبێتەوە، هەروەها دەردانی ئەو هۆرمۆنە وا دەكات ئەو كەسە خەوێكی باشی شەوانەی هەبێت و لە خەونی ناخۆش و مۆتەكە پارێزراو بێت.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل