هەر گەشتیارێكی ئێرانی بۆ چلەی ماتەم بچێتە عێراق 200 هەزار دیناری پێدەدرێت

:: PM:08:03:07/07/2024 ‌
بانكی ناوەندیی ئێرانی رای گەیاند، 200 هەزار دیناری عێراقی بە هەر ئێرانییەك دەدرێت كە بیەوێ گەشت بكات بۆ عێراق لە ماوەی سەردانی "ئەربەعینی شیعەكاندا".

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی تەمووزی 2024، محەمەد رەزا فەرزین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندووە، پێشنیاز كراوە كە ئەو پارەیەی دەدرێت بە گەشتیارانی ئێرانی كە بە مەبەستی سەردانی چلەی ماتەم سەردانی عێراق دەکەن بە دیناری عێراقی بێت. 

ئەم بەرپرسە ئێرانییە ئەوەیشی گوتووە، لە گەشتی ئەمساڵی چلەی ماتەمدا 200 هەزار دینار دەدرێت بە هەر ئێرانییەك كە بیەوێ گەشتی عێراق بكات بە مەبەستی بەشداری لە رێوڕەسمە ئاینییەكە. 

فەرزین روونیشی كردووەتەوە، كە ناوتۆماركردن بۆ سەردانی چلەی ماتەمینی حوسەینییە لە حەوتی تەمووزەوە دەست پێ دەكات كە بەرانبەرە بە یەكەم رۆژی مانگی حەرام لە ساڵی كۆچیدا. 

جێگەی ئاماژەیە بەگوێرەی نرخی دراوە بیانییەكان، هەزار دیناری عێراقی بەرانبەرە بە 46 هەزار تمەنی ئێرانی. 

سەردانی "ئەربەعینییەی حوسەین" یەكێكە لە گرنگترین بۆنەكانی شیعە كە هەموو ساڵێك بەبۆنەی چلەی یادی "شەهیدكردنی ئیمام حوسەین" لە شەڕی كەربەلا، لە دەیەم رۆژی موحەرەمی ساڵی 680ی زاینی یادی دەكرێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود