زۆرێك بەدەست هەڵوەرینی قژیان تا ئاستی رووتانەوەی زۆر یان تەواوی سەریان دەناڵێنن، ئەوان بەناچاری لەگەڵ شێوە نوێی رووخساریان رادێن و قبووڵی دەكەن، كەسانێك نەشەرگەریی رواندنەوەی قژ دەكەن، بەڵام هێشتا گەرەنتی نییە و بە ئەرك و ئازارە، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە ئاو یان گوشراوی پیاز چەندان سوودی بۆ تەندروستی هەیە، لەوانە بۆ روانەوەی قژ و رێگرتن لە كەچەڵی.
راپۆرتێكی رۆژنامەی
"تایمز ئۆف ئیندیا" سەرنج دەخاتە سەر سوودە تەندروستییەكانی ئاوی پیاز، كە بە مادەی كبریت دەوڵەمەندە و كانزایەكی گرنگە و رۆڵی گەورەی لە باشكردنی تەندروستی قژدا هەیە، كبریت دەچێتە پێكهاتەی ترشە ئەمینییەكان كە پێهێنەری سەرەكیی پرۆتینەكانن، لەوانەش كریاتین كە پێكهاتەی سەرەكیی قژە، بۆیە بوونی كبریت قژ بەهێز دەكات.
جیا لەوە پیاز چەند تایبەتمەندییەكی هەیە لەوانە دژەبەكتریایە و یارمەتی چاكبوونەوەی هەوكردنی پێستی سەر دەدات، كە هۆكارێكی هەڵوەرینی قژە، لەپاڵ ئەوە بە دژەئۆكسێنەرەكان دەوڵەمەندە، وەك فلافۆنید، دەبێتە هۆی پاراستنی رەگی مووەكان و دەپانپارێزێت.
ئەو كبریتەی لە ئاوی پیازدا هەیە بۆ گەشەی موو پێویستە، كاتێك دەبێتە هۆی زیاد بەرهەمهێنانی كۆلاجین، دەشبێتە هۆی باشكردنی سووڕی خوێنی سەر و گەیشتنی خۆراك و ئۆكسجینی پێویست بۆ رەگی مووەكان، كاركردنی وەك دژەئۆكسێنەر و دژەهەوكەری پێستی سەر.
شێوازی بەكارهێنانی لە ماڵەوە بەم شێوەیە، پیاز پارچە دەكرێ و دەگوشرێت، هەندێكجار گوشراوەكە ئاو و زیتی جیاجیای تێدەكرێت، بەتایبەتی ئەگەر پێستەكە هەستیار بێت، راستەوخۆ بە پەنجە یان بە پارچەیەك لۆكە دەخرێتە سەر پێستی سەر و بۆ چەند خولەكێك مەساج دەكرێت، ئاوەكە بۆ ماوەی 30 خولەك لەسەر پێستەكە دەمێنێتەوە، دەتوانی بۆ سعاتێك یان بەدرێژایی شەو بیهێڵیتەوە، دوای ئەوە قژ و پێستی سەر بە شامپۆ و ئاوی شڵەتێن دەشورێت، هەفتانە دەتوانیت دوو بۆ سێجار دووبارەی بكەیتەوە و ئەنجامەكەی لە ماوەی چەند هەفتەیەك بەدیار دەكەوێت.