دوای گۆڕینی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگای نەینەوا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە راگرتنی گۆڕانكارییەكان، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ئاماژە دەكات كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی ئامانجیان ئەوەبوو كورد لەو پارێزگایە بشكێنن، بەڵام دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵەكەیان شكستی هێنا.
مەناف حەسەن، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆرینی بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگاكە راگیراوە و ئەوەی بانگەشی بۆ دەكەن راست نییە و جێبەجێ ناكرێت، چونكە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگیراوە، بەڵام ئەوەی یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات بۆ پەردەپۆشكردنی شكەستەكەیانە، چونكە ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرایە زیانێكی زۆر بەر كورد دەكەوت .
ئاماژەی كرد، یەكێتی لەگەڵ رەیان كلدانییە، ئەویش دژی كوردە و بەردەوام باس لەوە دەكات كورد دەگەڕێنینەوە بۆ هەولێر و ئالۆكا، بەڵام راگرتنی ئەو گۆڕانكارییە هەنگاوێكی گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی ئەوان دەیانویست كورد لە مووسڵ بشكێنن، بەڵام شكستیان هێنا و سەركەوتوو نەبوون.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ئامادەبوونی 16 ئەندامی هاوپەیمانی دواڕۆژی نەینەوای نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حەشدی شەعبی و یەكێتی كۆبووەوە و 21 بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكانی ئەو پارێزگایەیان گۆڕی، كە زۆرینەی بەدەست كوردەوە بوو و كەسانی عەرەبیان لە شوێنیان دانا، بەڵام گۆڕانكارییەكە بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگیرا .
دهۆك/ بڵند ئیبراهیم