بۆچی سەرۆک وەزیران بە ئایەتێکی قورئان وەڵامی سەڵاحەدین بەهادینی دایەوە؟

:: PM:01:47:08/07/2024 ‌
لە دیداری سەرۆک وەزیراندا لەگەڵ خەڵكی سلێمانی، یەکێک لە ئامادەبووان لەبارەی لێدوانێکی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی پرسیاری لە مەسروور بارزانی کرد، بۆچوونی ئێوە لەبارەی (هەژماری من) و قسەکەی سەڵاحەدین بەهادین چییە لە لێدوانێكدا گوتوویەتی "هەژماری من هەمووی فێڵ و تەڵەكەیە". 

لە وەڵامدا مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە ئایەتێکی قورئان ( إِنَّ بَعْض الظنِّ إِثمٌ) وەڵامی دایەوە. مانای ئایەتەکە واتە (هەندێك گومان گوناهـ)ـە. 

"وشە" لە بەدواداچوونی بۆ سەرچاوە ئاینییەکان و ناوەرۆكی ئەو ئایەتە، ئەوەی دەستکەوت هۆکارە سەرەکییەکانی پشت دابەزینی ئەو ئایەتە بریتییە لە پاراستنی کۆمەڵگە, بە جۆرێک لە یەکێک لە شیکردنەوەکاندا ئاماژە بەوە دراوە (ئامانجی ئاڕاستەکردنی مسوڵمانان بوو بەرەو ئەو ڕەفتارانەی یەکڕیزی و برایەتیی لە نێوانیاندا پتەوتر بکەن و دوور بکەونەوە لە ناکۆکی و دوژمنایەتی. 

لە بەشی یەکەمی هۆكاری دابەزینی ئەو ئایەتە و وەڵامەکەی مەسروور بارزانیدا، دەردەکەوێت لێدوانی هاوشێوەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو یا حزبەکانی تر لەبارەی پڕۆژەیەکی نوێی خزمەتگوزاریی گرنگ بۆ مووچەخۆر و پێشخستنی سیستمی بانكیی وڵات بۆ سوودیی گشتی، بێ بوونی زانیاری و گومانخستنە سەری، جگە لەوەی گوناهە لە روانگەی ئاینییەوە، دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی کۆمەڵگە و یەکڕیزیی و برایەتی نێوانیان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی ناکۆکی و لە نێوان چینە جیاجیاکانی خەڵكدا، ئەمەیش بە یەکێک لە گەورەترین گوناهەکان هەژمار دەکرێت لە رووانگەی ئیسلامەوە. 

لە بەشێکی تر سەرچاوە ئاینییەکاندا ڕوون كراوەتەوە کە هۆکاری دابەزینی ئەو ئایەتە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە هاوەڵان گومانی بێ بنەمایان لە نیەتی چاکی هاوەڵانی تر هەبووە، بۆیە ئەم ئایەتە بۆ سەرزەنشتکردنی ئەو هاوەڵە گومانكارانە هاتە خوار. بە جۆرێک وەرگێڕانەوە حەرفییەکەی رێک بە واتای ( هەندێک گومان گوناهـ)ن دێت.

بە سەرەنجدان لە بەشێکی تری وەڵامەکەی مەسروور بارزانی کە گوتی، هەندێك گومان گوناهن، یان پێی وابێت فێڵ هەیە، ئەم گومانە كەسەكە خۆی دروستی دەكات و ڕاست نییە. دووپاتی كردەوە "هەژماری من پڕۆژەیەكە، تەنیا و تەنیا بۆ خزمەتی هاووڵاتییان دروست كراوە، ئەوانەی دژایەتیی (هەژماری من) دەكەن، یان تێبینیی لەسەر (هەژماری من) دەدەن، یان ئەوەیە لێی نازانن، یان ئەوەیە بۆ مەرامێكی سیاسی دژایەتیی دەكەن".

خوا ئەم ئایەتەی وەک هۆشدارییەک بۆ تەواوی مسوڵمانان ناردووە
لە یەکێکی تر لە سەرچاوە ئاینییەکاندا ئەوە خراوەتە ڕوو كە خوا ئەم ئایەتەی وەک هۆشدارییەک بۆ تەواوی مسوڵمانان ناردووە، بە جۆرێک هۆشدرای داوە لەو رەفتارانەی دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆی ئەوەی بە لارێدابردن دروست دەکەن لای بەشێکی کۆمەڵگە بۆ مەرامێکی تایبەت. ئەوەتا لە بەشێکی وەڵامەکەی مەسروور بارزانیدا هاتووە، "هەژماری من نە پرۆژەیەكی شەخسییە و نە حزبییە، تەنیا شتێكە توانای دارایی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە. ئامانجی ئەو بەشەی وەڵامی مەسروور بارزانی ئەوە بوو کە شتێک پێوەندی بە خزمەتی گشتی هەبێت, پێویست ناکا کۆمەڵگە بەهۆیەوە دابەش بکرێت, چونکە لە روانگەی رەوشتە ئیسلامییەکانەوە ئەمەیش بە گوناهێکی گەورە هەژمار دەکرێت. 

جێی ئاماژەیە، شیکردنەوە ئاینییەکان بۆ هۆکاری دابەزینی ئەو ئایەتەی قورئان، زۆرن و لە سەرچاوەی جیاجیادا باس كراون، بەڵام ئەم شیکردنەوانەی سەرەوە لەژێر رۆشنایی وەڵامەکەی سەرۆک وەزیرانی كوردستاندا، گرنگترین سێ خاڵ بوون کە بۆ رەفتاری حزبێکی ئیسلامی بخرێنە ڕوو.







وشە - پۆڵا مەحموود