دادگایەكی عێراق: كچە مۆدیلێستەكە بەزۆر ددانپێدانانی لێ وەرگیراوە

:: PM:06:05:08/07/2024 ‌

ماوەیەك بوو كچە كۆدێلێستێك بەناوی "ئوم لوول"ن بووبووە سەرنجی زۆرینەی سۆشیال میدیای عێراق، لە ئایاری رابردوو كتوپڕ گیرا و تۆمەتی بازرگانی مادەی هۆشبەری بەسەردا سەپێنراو و سزای گرتنی تاهەنایە درا، ئەمڕۆ دادگای بریاری پێداچوونەوەی بە سزاكەی دا، بەو پێیەی ئازار دراوە و بەزۆر ددانپێدانانی لێ وەرگیراوە.  

لە نووسراوەكەی دادگەی پێداچوونەوە هاتووە، دوای لێوردبوونەوە و چاوخشاندن بە دۆسیەكە دەركەوت بڕیاری 29ی ئایاری رابردووی دادگای ناوەندیی تاوانەكان بە تاوانباركردنی تۆمەتبار "هەدیل خالید عەبدولرەشید"، بەپێی بڕگەی یەكی مادەی 28 لە یاسای مادەی هۆشبەر ژمارە 50 بۆ ساڵی 2017 و چەند مادەیەكی تری یاسای سزاكان، بە گرتنی تاهەتایە و دانی 30 ملیۆن دینار وەك غەرامە، راست نییە و پێشێلی یاسایە، چونكە دادگاكە بەر لە تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییە پێویستەكان بڕیاری خۆی دەركردووە.  

روونی كردەوە، ئەوەی لە ناوەڕۆكی داواكە و بەڵگەكانی دیارە، رێوشوێنی لێكۆڵینەوەی بەرانبەر بە تۆمەتبارەكە كراوە لەسەر بنەمای قسەكانی تۆمەتبار "قەیسەر مەحموود ئەحمەد"، كە وەك شایەت دژی تۆمەتباری ئەو دۆسیە دانراوە، لەكاتی گرتنی تۆمەتبارەكە، واتە كچە مۆدیلێستەكە و وەرگرتنی لێدوانەكانی، ئەوەی گوتووە كە ناكۆكی پێشتریان هەبووە و ئەو لە هەولێر لای ئاسایش داوای لەسەر تۆمار كردووە، بۆیە دادگای تاوانەكان نووسراوی لێكۆڵینەوەی لەو داوایەش هێنابوایە و هاوپێچی ئەوەی ئێستەی كردبووایە.

لای خۆیەوە تاریق شەرع، پارێزەری كچە مۆدێلێستەكە دوێنێ یەكشەم رای گەیاند كە دادگای پێداچوونەوە تەواوی بڕیارەكانی دادگای ناوەندیی تاوانی لەو دۆسیە هەڵوەشاندووەتەوە و دووبارە دادگایی دەكرێتەوە.

"ئوم لوول"، كچە مۆدیلیستێكی عێراقییە و ناوی راستەقینەی "هەدیل خالید عەبدولرەشید"ە، لە مانگی ئایاری رابردوو بە تۆمەتی بارزگانیكردن بە مادەی هۆشبەر گیرا و دادگای تاوانەكانی رەسافەی بەغدا سزای گرتنی تاهەتایەی بۆ بڕییەوە، پێش ئەوەش بە گرتنی چوار مانگ لەسەر تاوانی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئابڕووبەرانە و دژ بە ئادابی گشتی سزا درابوو.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل