وەڵامێكی توندی رەیان كلدانی دەدرێتەوە

:: PM:11:05:08/07/2024 ‌

لەماوەی دوایی هاوپەیمانی دواڕۆژی نەینەوا ویستی لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە و بە سوودوەرگرتن لە زۆرینەی كورسییەكانی، دەست لە پۆستە ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایە وەربدات و بە ویستی خۆی بیانگۆڕێت، بەڵام شكستی هێنا، پێشتر و ئێستەش رەیان كلدانی و بزاوی بابلیوون، هەموو هەوڵێك لە دژی كورد و پارتی بەتایبەتی دەدەن، ئەگەر بە تۆمەتهەڵبەستنیش بێت، بەرانبەر بە تۆمەتێكی كلدانی بۆ پارتی، ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی بەتوندی وەڵامی دەداتەوە.

رەیان كلدانی، سەرۆكی بزاوی بابلیوون، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی باسی كۆنترۆڵكردنی پارتی بۆ دۆسیەی تەندروستیی پارێزگای نەینەوا كرد، بەوەی ئەو حزبە لە دوای 2003ەوە دۆسیەكە بەڕێوە دەبات، ماجید شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی كلدانی دەداتەوە و دەڵێت، تەواوی قسەكانی كلدانی دوورن لە راستییەوە، چونكە لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو تا نیسانی 2015 پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی نەینەوا بە دەستی كەسانێك بوونە كە هیچ پێوەندییەكیان بە پارتییەوە نەبووە. 

زیاتر گوتی، بەدرێژایی ئەو ماوە پارتی پێوەندیی بەو پۆستەوە نەبووە، دوای رزگاركردنی مووسڵیش لە 2017 كەسێكی مەسیحی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، دوای ئەو تا 2019 كەسێكی تر و بەو شێوەیە تا 2022، كە دوایینیان كەسێك بووە لەسەر گەندەڵی دەركراوە، بەڵام كلدانی باسی ئەو گەندەڵییەی نەكرد، دوای ئەوەش ئەو پۆستە پێوەندیی بە پارتییەوە نەبوو، تەنیا لە چەند مانگی دوایی نەبێت كە بەهۆی بەتاڵیی پۆستەكە یاریدەدەری ئیداری دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتی پێ درا، ئەویش توانی توانا و رژیی خۆی لە پەرەپێدانی دۆخی كەرتی تەندروستیی نەینەوا بسەلمێنێت و رووبەڕووی ئەو گەندەڵییە ببێتەوە كە لەو فەرمانگەیە هەبوو.  

شنگالی دووپاتی كردەوە، كلدانی باسی ئەوەی كردووە كە بەهۆی نەبوونی لە نەخۆشخانەكانی نەینەوا، لە بەغداوە دەرمانی بۆ نەخۆشەكان هێناوە، بەڵام پێویستە ئەو بە بەڵگە بیسەلمێنێت كە چی بۆ نەخۆشخانەكانی ئەو پارێزگایە هێناوە و بەكێی داوە وەك باسی دەكات، چونكە ئەوەی باسی دەكات لە دەنگۆیەكی بەتاڵ هیچی تر نییە، دوای ئەوە تۆمەتی گەندەڵی دەخاتە پاڵ فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا بێ ئەوەی بە بەڵگە بیسەلمێنێت.

شنگالی روو دەكاتە كلدانی و دەڵێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر كلدانی باسی بوونی گەندەڵی دەكات، باشتر نییە پێش تۆمەتباركردنی كەسانی تر لەخۆی بپرسێت ئاخۆ پارەی پێویستی بۆ كردنەوەی كەناڵێكی ئاسمانی و بەڕێوەبردنی كارەكانی، جیا لە چەندان كاروانی پاسەوانەكانی لەكوێ بوو؟، لەوكاتەی ئەوەی زانراوە كە پێش 2003 چی هەبووە و چ كارێكی كردووە، دروشمی كلدانی دەركردنی كەسانی نامۆیە لە نەینەوا، بەڵام ئێمە نازانین مەبەستی كێیە، ئاخۆ 30%ی خەڵكی پارێزگاكەیە كە كوردن.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل