بۆ هەشت مانگ دەچێت پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە و تا ئێستە نەتوانراوە سەرۆكی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری بكرێت، دوای تەواوبوونی پشووی یاسادانانی پەرلەمان، ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەندامانی پەرلەمانەكە كرد دەست بەكار ببنەوە و وەرزی نوێی یاسادانانی ئەم خولە دەست پێ دەكاتەوە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتییەكە، لەگەڵ كۆتاهاتنی پشووی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق و دەست پێكردنی دووەم وەرزی سێیەم ساڵی ئەو خولە، داوا لە ئەندامانی پەرلەمان و لیژنەكان دەكەین بۆ دەست پێكردنەوەی كاری یاسادانان و چاودێریكردن، دوای ئەوە وادەی یەكەم دانیشتنی ئاسایی ئەو وەرزە دیاری دەكرێت.
لای خۆیەوە عەدنان جحێشی، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پشووی یاسایی پەرلەمان كۆتایی هات و لەمڕۆوە پەرلەمان دەست بە دووەم وەرزی سێیەم ساڵی یاسادانان دەكاتەوە، بەڵام یەكەم دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان دەكەوێتە دوای 10ی موحەرەم.
روونی كردەوە، ژمارەیەكی زۆری یاسا لەم وەرزە تاوتوێ و پەسند دەكرێن، لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی و میلاكات و یاسای تر، هاوكات ئەم وەرزە سازكردنی دانیشتنێكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەخۆیەوە دەبینێت.