لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتووە، زانکۆکانى کوردستان راسپێردران ئامادەکارى بکەن بۆ ئەوەى هاوشێوەى ساڵانى رابردوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی، لە خوێندنى حکوومى برەخسێنن، هەروەها بەهەمان ڕێژەى ساڵانى ڕابردوو داشکاند لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران ئەنجام بدەن، ئەویش لەپێناو پشتیوانیکردنى خوێندکاران و قوتابییان و ماڵباتەكانیان بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان،
هەروەها بڕیار درا، كە لە سەرجەم زانکۆکان هیچ بڕە پارەیەک لەبرى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکارانى خوێندنى باڵا وەرنەگیرێت.
بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووزی 2024 بە سەرپەرشتى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سۆران بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا داوا زانکۆکان کرا لە پلانى وەرگرتندا هەموو تواناکانى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن.
لە تەوەرێکى تری کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى راسپارد ئەوانەى تاکو ئێستا پلانى خوێندنى باڵایان ئامادە نەکردووە و بۆ وەزارەت نەیانناردوە، پێویستە بە زووترین کات پلانەکانیان بۆ کردنەوەى ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵاو خوێندنى "سپلیت سایت" بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە، بەمەبەستى تەواوکردنى ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەى ڕاوندێکى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری دا سەرجەم زانکۆکان هیچ بڕە پارەیەک لەبرى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە قوتابییان/خوێندکارانى خوێندنى باڵا، دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا/ وەرنەگرن.
لە راگەیەنراوەكە ئاماژە دراوە كە لە كۆتایی کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزارەت، چەند تەوەرێکى تری زانستیى تایبەت بە کاروبارى زانکۆکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.