پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێك دەگرێت كە ساڵێك لەمەوبەر پەنابەرێكی كوردی لە فڕەنسا كوشتبوو

:: PM:07:40:09/07/2024 ‌
پۆلیسی سلێمانی رای گەیاند كە هاووڵاتییەكیان گرتووە بە تۆمەتی كوشتنی پەنابەرێكی كورد لە جەنگەڵەكانی فڕەنسا، ئاماژەیشی داوە كە ئێستە تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوشتنى سلێمانی راگیراوە و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامە. 

ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، دوای ئەوەی لە رێكەوتی 24ى شوباتى 2023 هاووڵاتییەكی كورد بەناوی "هەڵكەوت ئەحمەد مارف" لەدایكبووی 1989 لە جەنگەڵەكانی وڵاتی فڕەنسا كوژرا، دواتر كەسوكارەكەی سكاڵای یاساییان تۆمار كرد لە دژی تۆمەتبار (ر.ح.ح) لەدایكبووی 1985. 

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی كردووە، پاش ڕێكخستنی‌ په‌ڕاوی‌ لێكۆڵینه‌وه ‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر تۆمه‌تبار و وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌، تۆمه‌تبار له‌ كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان لە زاخۆ گیرا.

بەڕێوەبەرایەتییەكە روونی كردووەتەوە، لە ئێستەدا تۆمەتبار به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 406 له‌ یاسای‌ سزادان له‌ نووسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ کوشتنى سلێمانی‌ ڕاگیراوه‌ و لێكۆڵنه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌.


وشە - پۆڵا مەحموود