مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەی لەگەڵ چین و توێژەكانی شاری سلێمانی باسی لەوە كرد كە كێشەی مووچە ئەوانە دروستیان كرد كە داوایان كرد مووچە بچێتە سەر بەغدا، ئەوان هۆكار بوون بۆ ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، دووپاتی لەوە كردەوە كە لە داهاتوویەكی نزیك كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و چیتر نابێتە هەواڵی بەپەلە.
لەوبارەوە مەهدی كاكەیی، رۆشنبیر و نووسەر بە "وشە"ی گوت، مووچە و بودجە گرنگن، بەڵام لەوان و لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە كە گشت پیلان و گەلەكۆمە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی دژی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە لەگۆڕ نران، واتە بەقسەی كەسانێك بوایە دەمێك بوو هەرێمی كوردستان وەك قەوارە نەمابوو، ئەوانە زوو زوو دەهۆڵیان دەكوتی، ئەوانەشی خەریكی بەخشینەوەی نائومێدی و مژدەی شكست بوون، بەو جۆرە نەبوو كە داوایان دەكرد.
روونی كردەوە، هەر ئەوانە بوون باسی ئەو دۆخەیان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرد و دەیانگوت كە بەغدا هەرێم پڕ پارە دەكات، خەڵكیان تووشی ئەو دۆخە كرد، ئەوان بوون بوونە هۆكاری دواكەوتن و ئەو دۆخەی كە بەسەر فەرمانبەر هات و تا ئێستاش فەرمانبەرانی هەرێم مانگێك نییە لەكاتی خۆیدا مووچە بە رێكوپێكی وەربگرن، بۆیە بەغدا ئەوە نەبوو كە هەڵایان لەسەر دەكرد و هیوایان پێی هەبوو، ئەوان هەموو شتێكیان پێ باشە جگە لە حكوومەتی هەرێم، هەموو دژایەتییەكی حكوومەت دەكەن، بەڵام لە كۆتاییدا خۆیان دەدۆڕێن و شكست دێنن.
لای خۆیەوە رێبین سالم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەت زۆر بەراشكاوی باسی ئەوەی كرد كە كێ بوون ئەوانەی بوونە هۆكاری دروستبوون و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوانەی هەوڵیان دا و مووچەیان خستە سەر بەغدا، ئەوانەی بەغدایان دەوێ و كاریان بۆ ئەوە كرد كە سەر بە بەغدا بن، دەبێت بزانن كە بەغدا هیچ كات كوردی ناوێت، ئاشكرایە بەغدا پیلان دژی حكوومەتی هەرێم دەگێڕێت و كار بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد دەكات، بەغدا دەیەوێ كورد ژێردەستەی بێت و بە ویستی خۆی هەرچی بوێت پێی بكات و بیچەوسێنێتەوە، هەندێك لایەنیش بەبێ گوێدانە مامەڵە و پیلانەكانی بەغدا، دەستیان هەبوو لەوەی كە بەغدا بەو جۆرە مامەڵە بكات.
هەر پێوەست بەو پرسە محەمەد سەعدەدین، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، ئەو بەغدایەی كە زۆرێك پێیان وابوو ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەدەستی ئەودا بێت، هیچ كێشەیەك بۆ مووچە دروست نابێت، دەركەوت كە بەغدا هیچكات دڵسۆز و خەمخۆری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نەبووە، ئەوانەشی پشت بە بەغدا دەبەستن و پێیان وایە لە حكوومەتی هەرێم باشترە، دەبێت هەمیشە بێهوودە چاویان لە دەستی بەغدا بێت.
پێویستە بگوترێت كە بەهۆی ئابووریی سەربەخۆ لەماوەی 10 ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان پێش كەوت و دۆخی ئابووریی هەرێمی زۆر بەهێز كرد، لەهەموو كەرتەكان خزمەت كرا و پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی و ژێرخانی ئابووری هاتە جێبەجێكردن، گرنگی بە بوارەكانی تەندروستی و كارەبا و رێگەوبان و وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵ درا، لەكاتێكدا داهاتی هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە عێراق داهاتێكی كەمە، كە مانگانە و ساڵانە خاوەنی داهاتێكی زۆرە، بەڵام ئاستی خزمەتگوزاری و پڕۆژە و پێشكەوتن لە شارەكانی عێراق بە بەراورد بە شارەكانی هەرێم سفرە و بەڕێژەیەكی زۆر لەدوای هەرێمە، هاووڵاتییە عێراقییەكانیش خۆیان ددان بەو راستییە لەبارەی خۆشگوزەرانیی لە هەرێمی كوردستان دادەنێن.
وشە/ تایبەت