ئەمڕۆ دەست دەكرێت بە فرۆشتنی تابلۆی هەڵەبجە

:: AM:09:06:10/07/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رای گەیاند، ئەمڕۆ تا 18ی تەمووز، ناو تۆماركردن بۆ كڕینی تابلۆی ژمارە نایاب دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تەمووز، لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، ئاگاداری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەڕێوەبەرایەتیمان لە 10 تا 18ی تەمووز، رۆژانە لە سەعات نۆی سەرلەبەیانی تا یەكی پاش نیوەڕۆ دەست دەكات بە ناو تۆماركردن بۆ ئەو كەسانەی خوازیارن تابلۆی ئۆتۆمبێل بەپێی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2022 بكڕن.

چەند ڕێنوێنییەك بۆ ئەو بابەتە هەیە كە ئەمانەن، هاووڵاتی دەبێت خۆی ئامادە بێت لە بەڕێوەبەرایەتیمان و كارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی پێ بێت، هەروەها پێویستە ئەو كەسەی خوازیاری ناو تۆماركردنە، پێشتر تابلۆی ئۆتۆمبێلی بۆ دەرنەچووبێت بەناوی خۆی یان لەسەر ژمارە مۆبایلەكەی.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو ناوانەی لە ماوەی دیاریكراودا تۆمار دەكرێن، هیچ جیاوازییەك نییە لەوەی یەكەم رۆژ یان كۆتا رۆژ تۆمار كرابێت، بەیەكەوە هەموویان دەچنە ناو سیستمەكە و دەتوانن كێبەركێ بكەن لەسەر ژمارەكەی خۆیان.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و بەفەرمی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی لەو شارە كردەوە و یەكەم تابلۆی ئۆتۆمبێل چاپ كرا.

لە 13ی ئاداری 2014 لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، واژوو لەسەر بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كرا و لە2ی ئایاری 2015 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شارەكە، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسند كرا و كرایە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، پاشان سەرۆك بارزانی فەرمانی سەرۆكایەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی واژوو كرد.


وشە - رامیار جەواد