ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان هۆكاری راگرتنی مامەڵەكردن بە یووانی چیینی لەلایەن عێراقەوە ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، بانكی ناوەندیی عێراقیی لەژێر كاریگەریی ئەمەریكا ئەم رێكارەی وەرگرتووە و پێشتریش شارەزایانی ئابووریی رایان گەیاندبوو كە هۆكاری نزمبوونەوە و تا رادەیەك جێگیریی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا پێوەندی بە دەستشلكردنی بانكی فیدراڵی ئەمەریكاوە هەبووە نەك رێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراق.
ئەمڕۆ هەینی 12ی تەمووزی 2024، موعین كازمیی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "سۆمەرییە نیوز"ی عێراقی راگەیاند، بەنكی فیدرالی ئەمەریكی لەسەر عێراقی سەپاندووە كە مامەڵە كردن بە دراوی "یوان"ی چینی رابگرێت، ئەمەیش پاساویی تێبینی كردن لە هەندێك حەواڵەی دەرەكیدا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیكردووەتەوە، تەواوی سامان و داهاتی عێراق لە دەستی بەنكی فیدرالی ئەمەریكیی و كۆنتڕۆڵی ئەمەریكادایە، چونكە داهاتەكان داهاتی رۆژانەی فرۆشتنی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوت دەچێتەوە بۆ بانكی ئەمەریكا و لەوێشەوە بۆ عێراق.
كازمی زیاتر گوتی، ئەو رێكارانەی ئەمەریكا بە بیانووی كارگێڕیی و دارایین، بەڵام هۆكاری سەرەكی سیاسیین و ئامانج لێیان ئەوەیە كە لەو رێگەیەوە پەیام بە حكوومەتی عێراق بگەیەنرێت و زیاتر كارتی سیاسیین.
ئایە مامەڵەكردن بە یوانی چینی لەلایەن عێراقەوە كۆتایی هاتووە؟
موعین كازمی لەبارەی ئەم پرسیارەوە رای گەیاند كە بازرگانان و بانكی ناوەندی عێراقیی جگە لە دۆلار بژاردەی تریان لەبەردەستەو دەتوانن تا كاتی چارەسەر بوونی ئەم كێشە كاتییە دراوەكانی جگە لە دۆلار بەكاربهێنن.
جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی رابردوو نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تا ئاستێكی باش دابەزی و سەقامگیرە، حكوومەتی عێراق لە میدیاكان هۆكارەكەی بۆ سیاسەت و رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی گەڕاندەوە، توێژەرێك راستییەكان ئاشكرا دەكا كە چۆن ئەو دابەزینە بەهۆی چاوپۆشی و ئاسانكارییەكانی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكایە، عێراق هیچی نەكردووە و دۆخەكە وەك خۆیەتی و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەكەی هەیە.
زیاد هاشمی، توێژەری ئابووری دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوو نرخی دۆلار لە بازاڕەكان لە ئاستێكی نزم و سەقامگیردا بوو، ئەوەش نیگەرانیی خەڵك و بازاڕی رەواندەوە و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كاڵاكان كرد، بەڵام هێشتا نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەیە، چونكە ئەو دابەزینەی رووی دا بەهۆی ئاسانكارییەكانی بانكی فیدراڵی بووە نەك رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندیی عێراق.
دووپاتی كردەوە، بانكی ناوەندی بۆ هەمان رەفتاری پێشووی گەڕایەوە بە سوودوەرگرتن لە ئاسانكاریی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا بۆ حەواڵەكردن و فرۆشتنی سەتان ملیۆن دۆلاری رۆژانە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی یاسایی و نایاسایی دۆلار، واتە بە بەردەوامبوونی ریشەی كێشە داراییەكە وەك خۆی بێ چارەسەری، بانكە تایبەتە عێراقییەكان بەشێكیان هێشتا سزایان لەسەرە و ئەوانی تریش پابەند نین بە مەرجەكان.
هاشمی دووپاتی كردەوە، تا ئیستە زۆرێك لە بانكەكان لەسەر هەمان شێوازی كاری پێشوویان بەردەوامن و تۆڕەكانی مامەڵەی نایاسایی و قاچاغ و بازرگانیی نایاسایی لە سنوورەكان بەردەوامە و دۆلارێكی زۆری عێراق دەبەن، هاوكات تا ئێستە حكوومەتی عێراق لە سیاسەتەكانی خەرجكردن بەردەوامە، واتە بەكارهێنان بێ بەرهەمهێنان، بۆیە ئەو فرۆشتنە زۆرەی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی جۆرێكە لە دروستكردنی سەقامگیریی خەیاڵیی بۆ نرخی دۆلار كە تەنیا پشت بە گڵۆپی سەوزی بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا دەبەستێت، كە ئەوەش مسۆگەر نییە، بۆیە دەكرێ لەهەر ساتێك ئەو گڵۆپە سەوزە ببێتە سوور و رێگری لە حەواڵە بكرێ و نرخی دۆلار بەرز ببێتەوە، ئەوەش سەركێشییەكی گەورەیە و مەترسی بۆ سەر ئابووریی عێراق هەیە.