ره‌یان كلدانی كه سه‌رۆكایه‌تیی حزبێك به‌ناوی بابلیۆن ده‌كات و له‌ناو مه‌سیحییه‌كانی عێراق كه‌سێكی نه‌خوازراوه، چونكه ده‌ستی له كوشتن و تیرۆر و چه‌ندان تاوانی تر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ئێسته خۆی به هاوپه‌یمانی یه‌كێتی ده‌زانێت و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌نده دۆسته له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی، خۆی به هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی داده‌نێ".
له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "ئولا"ی عێراقی، ڕه‌یان كلدانی ئه‌مینداری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆن ده‌ڵێت، ئێمه و یه‌كێتی له كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا ڕێككه‌وتنمان هه‌یه و "هاوپه‌یمانین".
كلدانی ده‌ڵێ، ئه‌وه‌نده له بافڵه‌وه نزیكم و هێنده هاوڕێمه، خۆم به هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌زانم و ئه‌ویش به هاوسه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆن ده‌زانم.
ره‌یان كلدانی له ماوه‌ی رابردوودا ده‌ستی له چه‌ندان تاوانی جۆراوجۆر هه‌بووه، كه ئێسته خۆی به هاوپه‌یمانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌زانێت. سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ده‌ڵێن، خوێنیان له پێناو ئازادی و كوردستان رشتووه.
ره‌یان كلدانی یه‌كێكه له‌وانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه خراوه‌ته لیستی تیرۆر و له‌لایه‌ن مه‌سیحییه‌كانی عێراقیش كه‌سێكی نه‌خوازراوه، بۆیه ئه‌و تاوانانه‌ی كردووه‌یه‌تی ته‌واوی له‌سه‌ر سه‌لمێنراوه.
یه‌كێك له تاوانه‌كانی كلدانی ئه‌وه بووه كه له پشتی كوشتنی ڕه‌فیف یاسری بووه ئه‌و خانمه‌ی پزیشكی جوانكاری بوو، پێش پێنج ساڵ به ده‌ستیكی نادیار كوژرا.
جیا له‌وه حه‌یده‌ر ساعیدی رۆژنامه‌نووسی عێراقی، تۆمارێكی ڤیدیۆیی ره‌یان كلدانی پێشان ده‌دات، له ڤیدیۆكه‌دا ره‌یان كلدانی گوێی كه‌سێك ده‌بڕێت، ئه‌و كاته وه‌ك دڕنده ره‌یان كلدانی ده‌هاته به‌رچاو و كاردانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وتووه.
له ماوه‌ی رابردوودا ئه‌مه‌ریكا زه‌نگی ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی لێ دا، ئه‌وه‌ش به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی عێراق له دژی كاردیناڵی كلدان له عێراق و دنیا لویس ساكۆ له به‌غدا گرتوویه‌تییه‌به‌ر.
زۆر له‌وانه‌ی وای ده‌بینن، ره‌یان كلدانی چاوی له‌وه‌یه سه‌رپه‌رشتی كه‌نیسه و وه‌قفه‌كانی مه‌سیحی له عێراق بكات، كه خاوه‌نی میلیشیایه‌كی مه‌سیحییه و له‌ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی گرووپێكی چه‌كداری هه‌یه.
ره‌یان كلدانی له ساڵی 2014 میلیشیای بابیلۆنی دامه‌زراند، به ئامانجی به‌رگریكردن له گوند و شارۆچكه مه‌سیحییه‌كان له نه‌ینه‌وا له ده‌ستی داعش، كه له‌و كاته‌دا پارێزگاكه و چه‌ند پارێزگایه‌كی تری عێراق له ژێر ده‌ستی ئه‌و هێزه چه‌كدارییه‌دا بوون.
ئه‌و له ساڵی 1989 له دایك بووه و یه‌كێكه له سه‌ركرده‌كانی میلیشیا، به‌ڵام وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆنی ره‌یان كلدانی به گرووپێكی تیرۆریستی له قه‌ڵه‌م داوه و سزای به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباری كردوون به پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق.
جیا له‌و هه‌موو تاوانه، ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌ستی به‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كاندا گرتووه و فرۆشتوونی، دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ش ئه‌و گرووپه‌یان تۆمه‌تبار كردووه به ترساندن و زه‌وتكردن و هه‌راسانكردنی ژنان.
ساڵی ڕابردوو هۆڵێكی ئاهه‌نگێڕان له حه‌مدانییه سووتا كه سه‌تان كه‌س تێیدا بوونه قوربانی، به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان، كلدانی له پشتی ئه‌و سووتانه‌وه بووه و خاوه‌نی هۆڵه‌كه بووه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌رجێكی سه‌لامه‌تی تێدا بێ. ئه‌و رووداوه زیاتر ره‌یان كلدانیی له به‌رچاوی مه‌سیحییه‌كان ره‌ش كرد.
ئێسته ئه‌و كه‌سه خۆی به هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌زانێت، كه سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه ده‌ڵێن، مێژوویان هه‌یه و خه‌باتیان له پێناو كوردستان كردووه.
پێده‌چێ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و ره‌یان كلدانی ناڕه‌زایی توندی ناوخۆی لێ كه‌وتبێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی گوێبڕین له‌لایه‌ن ره‌یان كلدانییه‌وه كه تاوانی له‌و جۆره ئه‌نجام ده‌ده‌ن، یه‌كێتییه‌كان نه‌توانن هه‌ڵوێست بنوێنن.
له‌وباره‌یه‌وه "وشه" پێوه‌ندیی به چه‌ند سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كێتییه‌وه كرد، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون قسه بكه‌ن.
یه‌كه‌مجاره حزبێكی كوردستان له‌گه‌ڵ گرووپێكی میلیشیای عێراق هاوپه‌یمانی بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه ده‌یانویست له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌ولێر داگیر بكه‌ن، به‌ڵام له پردێ تێك‌شكێنران. ئێسته‌یش رێوشوێن بۆ یه‌كێتی داده‌نێن.