لە شەڕی چەكدارانی داعش ئەفسەرێكی سوپای عێراق كوژرا

:: PM:05:04:13/07/2024 ‌

تا ئێستە پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق چالاكن و هەلەكان دەقۆزنەوە بۆ سەلماندنی بوون و مانەوەیان، سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە لە پارێزگای دیالە لە شەڕ و پێكدادانی هێزە تەناهییەكانی عێراق و پاشماوەی چەكدارانی داعش ئەفسەرێكی سوپای عێراق كوژراوە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئەمڕۆ ئەفسەرێك بە پلەی موقەدەم، كە فەرماندەی سریەی پاراستنی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە بووە، لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵ چەكدارانی داعش لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ناوچەی عەرەب جەبار و باخەكانی عیت لە شاردەێی خان بەنی سەعد لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای دیالە كوژراوە.

هەر لەو ئۆپراسیۆنەدا دوو پۆلیس بریندار بوون و تا ئێستەش شەڕ لە لێوارەكانی رووباری دیالە بەردەوامە، هێزە تەناهییەكان توانیویانە دەست بەسەر دوو حەشارگەی داعشدا بگرن و خاپووریان بكەن، هێشتاش پرۆسەی كێوماڵكردن و گەڕان لە ناوچەكە بەردەوامە.

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە هەر ئەمڕۆ ئەفسەرێك بە پلەی عەمیدی پۆلیس بریندار بووە و سێ كارمەندی پۆلیس و سەربازی عێراق لە شەڕ و پێكدادانەكە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە پارێزگای دیالە كوژراون، دوای ئەو ئاڵۆزییانەش شاندێكی باڵای تەناهی لە بەغداە گەیشتووەتە ناوچەكە، كە لە فەرماندەی هێزە وشكاوییەكان و یاریدەدەری سوپاسالای عێراق و ژمارەیەك ئەفسەری تر پێك هاتووە.

شایەنی باسە لە دوێنێوە لە گوندەكانی دەوروبەری شارەدێی خان بەنی سەعد لە دیالە ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێت، كاتێك لە شەڕ و پێكدادانێك لەگەڵ چەكدارانی داعش دوو چەكدار كوژران كە یەكێكیان خۆكوژ بووە، بەیانی ئەمڕۆش ئۆپراسیۆنەكەی هێزە هاوبەشە تەناهییەكانی عێراق بێستان و گوندەكانی لێواری رووباری دیالەی گرتەوە و شەڕ لەگەڵ چەكدارانی داعش بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل