خەوی ئارام وەك هیوایەكی لێ هاتووە و هەموو كەس پێی ناگات، زۆر كەس شەوانە خەویان شێواوە و تا دەكەونە خەو بەدەست بیركردنەوەی زیادەوە دەناڵێنن، ئەوكاتەی دەخەون خەوی قووڵیان نییە و رەنگە خەوەكەیان ئارامبەخش نەبێت، بۆیە بۆ ئەوەی خەوێكی ئارام و خۆشت هەبێت مانگانە بڕێك پارە پاشەكەوت بكە.
تۆڕی
"بی بی سی"ی بەریتانی باسی ئەوە دەكات توێژینەوەیەكی زانكۆی بریستۆلی بەریتانی ئاماژەی كردووە كە پاشەكەوتكردنی مانگانەی بڕێك پارە، هەرچەند كەمیش بێت، یارمەتی حەسانەوە و دروستبوونی گەشبینی بۆ داهاتوو و خەوێكی ئارام دەدات.
تیمی توێژینەوەكە باسی ئەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی رێكوپێك پاشەكەوت دەكەن، بەتایبەتی خاوەن داهاتی كەم، ئاستێكی هاوشێوەی رازیبوونیان بە ژیانی خۆیان لەگەڵ ئەو دەوڵەمەندانەی پاشەكەوت ناكەن هەیە، چونكە نیگەرانیان لەبارەی پارەوە كەمترە و كەمتر تووشی قەرزداری دەبن و توانای مامەڵەكردنیان لەگەڵ كێشە و رووداوە كتوپڕەكان باشترە.
ئەو ئەنجامە دوای شیكردنەوەی توێژینەوەی پێشتر هات كە چاودێریی پاشەكەوتی هەزاران كەس لەماوەی 10 ساڵ كرا، تیمەكە ئاماژە دەكات كە راپرسییەكان دەری دەخەن 25%ی كەسانی پێگەیشتوو لە بەریتانیا كەمتر لە 100 جونەی ئیسترلینیان هەیە، بەم دواییەش بەهۆی زیادبوونی خەرجییەكان، تووشی كێشە هاتوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەش شەش لە 10 كەس فێری پاشەكەوتی بڕێك پارە بوونە.
بەپێی توێژینەوەكان جیا لەوەی پاشەكەوتی بڕێك پارە بۆ تەندروستیی مێشك باشە، بۆ شتی تریش باشە وەك خۆشی ژیان و ژیانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون، بەپێچەوانەوە لەدەستدانی كار یان بوونی منداڵ دەبێتە هۆی تێكچوونی زۆری تەندروستی مێشك، ئەندرۆ غال، توێژەری بەشدار لە توێژینەوەكە دووپات لە گرنگیی پاشەكەوت دەكاتەوە ئەگەر كەمیش بێت، بۆیە پێویستە خەڵك ئەژماری بانكی بكەنەوە و هانی خەڵك بدرێت بۆ پاشەكەوتكردن.