چەند رۆژێكە شەڕێكی توند لە پارێزگەی دیالە لەنێوان هێزە هاوبەشە تەناهییەكانی عێراق و چەكدارانی داعش لە لێوارەكانی رووباری دیالە و گوندەكانی دەوروبەری شارەدێی خان بەنی سەعد هەیە، هێزە تەناهییەكانی عێراق دوای كێوماڵكردنی ناوچەكە دەستیان بەسەر چەند حەشارگەیەكی داعش گرتووە، بۆیان ئاشكرا بووە ئەوان پشتیان بە ئەندۆمی وەك خۆراكی سەرەكی بەستووە.
سەرچاوەیەكی تەناهی باسی ئەوە دەكات كە فەوجی دیالەی دەزگەی دژەتیرۆری عێراق هەڵی كوتاوەتە سەر ناوچەی عیت لە نزیك خان بەنی سەعد و تەرمی سەربازێكی كوژراوی سوپای عێراقیان لە ناوچەكە گەڕاندووەتەوە، لەكاتی پشكنینی و كێوماڵكردنی ناوچەكە بۆیان دەركەوتووە كە چەكدارانی داعش، كە ژمارەیەكیان كوژران، بە درێژایی ماوەی بوون و گەمارۆدانیان لەو ناوچەیە پشتیان بە خواردنی ئەندۆمی بەستووە.
چەند رۆژێكە شەڕێكی سەخت لەنێوان هێزە هاوبەشە تەناهییەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق لە پارێزگەی دیالە لە دەوروبەری شارەدێی خان بەنی سەعد هەیە، جیا كوژرانی ژمارەیەك چەكدار و فەرماندەی داعش، ژمارەیەك ئەفسەر و سەرباز و پۆلیسی عێراقیش كوژراون، دوای ئۆپراسیۆنەكە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان رای گەیاند كە بەتەواوەتی ناوچەی عیتیان لە سنووری پارێزگەی دیالە كۆنترۆڵ كردووە، چەكارانی داعشیان لە ناوچەكە كوشتووە یان راویان ناون.