ئیسرائیل كوژرانی فەرماندەیەكی حەماس دووپات دەكاتەوە

:: PM:06:38:14/07/2024 ‌

دوێنێ ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر ناوچەی مەواسی لە خان یوونس لە باشووری كەرتی غەزە و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماسی كردە ئامانج، هەر لە هێرشەدا 90 فەلەستینی كوژران و 300یش بریندار بوون، ئەمڕۆ ئیسرائیل كوژرانی یەكێك لە فەرماندە بەئامانجگیراوەكانی راگەیاند.

دوای بۆردمانەكەی دوێنێ، ئیسرائیل رای گەیاند كە محەمەد زەیف، سەرۆكی باڵی سەربازیی حەماس و رافع سەلامە، فەرماندەی لیوای خان یوونسی بزووتنەكەی كردووەتە ئامانج، كە هەردووكیان لە بەرپرسانی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی رابردووی سەر ئیسرائیلن، بەڵام لە كوژرانیان دڵنیا نەبووەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەم دووپاتی كردەوە كە لە هێرشەكەدا رافع سەلامە كوژراوە.

بزووتنەوەی حەماس لای خۆیەوە رەتی كردەوە كە محەمەد زەیف كوژرابێت و ئەو هێرشەش نابێتە هۆی وەستانی گفتوگۆی رێككەوتن لەسەر ئاگربەست، لەوكاتەی بنیامین نەتیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی تێكدانی رێككەوتن و وەستانی شەڕی غەزە دەدات.

شایەنی باسە سەرەڕای ئەو زیانە گەورەی بە كەرتی غەزە و فەلەستینییەكان كەوتووە، ئێران و بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لبنانی پێیان وایە ئامانجی هێرشەكانیان و شەڕی غەزەیان پێكاوە، توانیویانە زیانێكی گەورە لە ئیسرائیل و بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی بدەن، بۆیە دەیانەوێ شەڕكە بوەستێنن.

بزووتنەوەی حەماس پێویستی بە ئاگربەستە و دەیەوێ خۆی رێك بخاتەوە و كۆنترۆڵی كەرتی غەزە بكاتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لەدەست نەدات، حزبوڵاش نەچێتە ناو شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل كە ئەگەری وێرانبوونی خۆی و لبنانی لێ دەكەوێتەوە، هەموو ئەوانەش بەر لە ئەگەری هاتنی سەرۆكێكی كۆماری بۆ ئەمەریكا، كە ئێران بەر لە هاتنی بە هێنانەپێشەوەی سەرۆكێكی ریفۆرمخواز بۆ وڵاتەكە خۆی بۆ ساز داوە.     






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل