"لەماوەی كاركردنی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم 1150 مێگاوات كارەبا زیادی كردووە"

:: PM:09:45:14/07/2024 ‌

یەكێكە لەو كەرتانەی كە لەماوەی كاركردنی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە كەرتی كارەبایە، حكوومەت هەر لە سەرەتاوە بەڵێنی بە هاووڵاتییان دا كەرتی كارەبا چاك بكات و چاكسازیی تێدا بكات، ئەو خزمەتگوزارییە بە باشترین شێوە پێشكەشی هاووڵاتییان بكات و لەو پێناوەدا كاری كردووە و توانیویەتی تا ئاستێكی زۆرباش بەرەوپێشی ببات.

ئێستە لە وەرزی هاوینداین، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو، سعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە 12سعات كەمتر نییە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ بەرزكردنەوەی ژێرخانی كارەبا كاریان تێدا كراوە و بە رێژەیەكی زۆرباش پێشكەوتووە، لە هەندێك وەرزیش پێدانی كارەبا لە نێوان 18 بۆ 24 سعات بووە، هەرچەندە هاووڵاتییان هاوكار نابن بۆ دانی پارەی مانگانەی كارەبا تا حكوومەت ئەو كەرتە و خزمەتگوزارییە باشتر بكات و زۆرترین سعاتی كارەبا بدرێتە هاووڵاتییان.

د.جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، هەوڵەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو باشتركردنی خزمەتگوزاریی كەرتی كارەبا بۆ هاووڵاتییان بە ئاكام گەیشتووە، لەو ماوەیەدا زۆرترین چاكسازی لە بواری كارەبا كراوە، بەرهەمهێنانی كارەبا و ژێرخانی كارەبا زیادی كردووە، چەندان وێستگەی گەورە و گرنگ كە بەهۆیانەوە بەرهەمی كارەبا زیاد ‌دەكەن خراونەتە كار، ئێستە چەندان وێستگەی تریش لە هەرێم لەكار دا ، ئەوانیش بڕێكی زۆر كارەبا بەرهەم دێنن و بڕی مێگاواتی كارەبا زیاتر دەكەن.

 باسی لەوەش كرد، بەرزكردنەوەی ژێرخانی كارەبا لەو قۆناغەدا زۆر گرنگ بوو، هەرچەندە حكوومەت بەپێی داهاتەكانی بەردەستی سنووردار بوون، بەڵام كەرتە خزمەتگوزارییەكانی لەبیر نەكردووە كە راستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە بووە، لەوانەش كارەبا، ئێستە كەرتی كارەبا لە هەرێم زۆر پێشكەوتووە و لە ئاستێكی باشدایە، پڕۆژەی باش كراوە، گواستنەوە و دابەشكردن زۆرباش كراوە، سعاتەكانی پێدانی كارەبا زۆر باشتر كراوە، گرنگی بە ناوچە دوورەدەست و گوندەكان دراوە و رووناك كراونەتەوە، بەشێكی داهاتی كارەباش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان خەرج دەكرێتەوە تا پڕۆژە و خزمەتگوزاری لە بوارەكەدا پێ بكەن.

لای خۆیەوە ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەماوەی كاركردنی كابینەی نۆ گرنگی زۆر بە ژێرخان و كەرتی كارەبا دراوە و كاری زۆر كراوە و چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەكە بۆ باشبوونی رەوشی كارەبا و زیادبوونی مێگاواتەكانی كارەبا و بەهێزبوونی هێڵەكانی گواستنەوەی جێبەجێ كراون، بەجۆرێك لەماوەی ئەو كابینەیەدا 1150 مێگاوات كارەبا زیاد كراوە و بەدڵنیاییشەوە سعاتەكانی پێدانی كارەبا زیادیان كردووە.

پێوەست بەو دەستكەوتەی كابینەی نۆ سامان عەلی، هاووڵاتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لەو چەند ساڵەی رابردوو دۆخی كارەبا زۆر باش بووە، لەم كاتەدا كە لە ناوەڕاستی وەرزی هاوینداین و پلەی گەرما زۆر بەرزە، وەزارەتی كارەبا دەڵێت 10 بۆ 12 سعات كارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان، لە وەرزی زستانیش بەهەمان شێوە، كەواتە كار كراوە، چونكە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 10 ساڵ پێش ئێستە لە هاوین و زستان كەمترین كارەبا هەبوو، راستە هەرێمی كوردستان پێویستی بە كارەبای زیاترە، بەڵام سەرۆكی حكوومەت لە نوێترین قسەیدا گوتی كار بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سعاتی دەكەین.

چاكسازییەكی تری ئەم كابینەیە لە كەرتی كارەبادا دانانی پێوەری زیرەك بوو كە لەماوەی كاری كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم ئەو پڕۆژە دەستی پێ كرد، كاتێك لە هەرێمی كوردستان سەرووی یەك ملیۆن و 300 هەزار هاوبەشی ماڵان پێوەرەكەیان بۆ دانرا ‌و تێچووەكەی لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم بووە، بەهۆیەوە بەفیڕۆدان و سەرپێچی و زیادەڕۆیی لە كارەبا بە رێژەیەكی بەرچاو كەم كراوەتەوە، هەروەها بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ سەرووی سێ هەزار و 500 مێگاوات، كە پێشتر لە خوارووی دوو هەزار و 500 مێگاوات بووە ئەوەش هەر لەسەر پەرەسەندنەكانی ئەو كەرتە لەلایەن كابینەكەوە حسێب دەكرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل