بایدن: پێویستە یەك بگرین

:: PM:10:53:14/07/2024 ‌

تا ئێستە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقەكردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا نەهاتووەتە راگەیاندن، بەڵام دۆخەكە لە بەرژەوەندیی كۆمارییەكان و ترەمپە، لەوكاتەی ركابەریی نێوان هەردوو حزبی كۆماری و دیموكراتەكان گەرمتر دەبێت، رووداوەكە وای كرد بایدن داوای یەكگرتوویی لە ئەمەریكییەكان بكات.

دوای رووداوەكەی دوێنێ شەموو، دیموكراتەكان باسی ئەوەیان كرد كە ترەمپ رووداوەكە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردێنێت، ئەوەش وای كرد جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە داوا بكات ئەو رەوتەی كارە رابگرن، ئەمڕۆش دووپاتی كردەوە كە لە ئەمەریكا شوێنێك بۆ توندوتیژی نییە و پێویستە وەك نەتەوە یەك بگرین بۆ ئەوەی خۆمان بەو شێوەیە پێشان بدەین.

بایدن لە گوتارێكی كورت لە كۆشكی سپی گوتی، بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی رووداوی تەقەكردن لە ترەمپ لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دەكەین، ئێستە (ئێف بی ئای) لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكا و پێویستە چاوەڕوانی ئەنجامەكان بكەین، تا ئێستە هیچ زانیارییەكمان لەبارەی پاڵنەری هێرشەكە نییە و پێویستە خەڵكەكە گریمان لەبارەی پاڵنەر و لایەنگریی ئەنجامدەری نەكەن.

بایدن گوتی، تیمی پاراستنی ئاسایشی سەرۆكی پێشوومان زیاد كردووە و داوای دابینكردنی ئاسایشی كۆنگرەی پارتی كۆماریمان سبەی دووشەم كردووە، هاوكات داوام لە خزمەتگوزاریی نهێنی كردووە بە پێداچوونەوی بە تەواوی پلانەكانی پاراستنی ئاسایش، پێوەندی تەلەفۆنیم بە ترەمپەوە كردووە ئەو بەرەو باشبوون دەچێت، خۆشحاڵین كە ئەو باشە و سوپاسگوزاریی هێزە یاساپارێزەكانین. 

شایەنی باسە دوای رووداوەكە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریكا ناسنامەی تەقەكەرەكەی دیاری كرد كە ناوی ماسۆ كرۆكسە و گەنجێكی تەمەن 20 ساڵە خەڵكی پنسلڤانیا بیسیل پاركە، ئەو بەر لە كوژرانی چەند جارێك تەقەی كردووە، خۆی و كەسێكی تر لە شوێنەكە كوژراون و دوو لە ئامادەبووانی گردبوونەوەكەش بە سەختی بریندارن، ترەمپ لە هەوڵەكە رزگاری بووە و تەنیا گوێچكەی راستی بریندارە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل