گۆرانیبێژێكی ئەمەریكی بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەسەر شانۆ دەگیرێت

:: PM:02:06:15/07/2024 ‌
گۆرانیبێژێكی دیاری ئەمەریكی لە كاتی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵێك لە رۆمانیا، لەسەر تەختەی شانۆ مادەی هۆشبەری بەكار هێنا و بەهۆیەوە گیرا. ئێستەیش لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 15ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، ویز خەلیفە كە راپەڕێكی ناوداری ئەمەریكایە و لە فێستیڤاڵێكی رۆمانیا بەشدار بوو، بەڵام چونكە لەسەر تەختەی شانۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری "ماریگوانا"ی كێشا، دەستبەجێ پۆلیس لە بەردەم جەماوەرەكەی گرتی و ئێستە لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

نووسینگەی داواكاری گشتیی رۆمانی كە بەرپرسە لەسەر نەهێشتنی تاوانی بە ئەنقەست، لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی موزیك لە كوستینسی، گۆرانیبێژ ویز خەلیفە /36 ساڵ/ لەسەر تەختەی شانۆ، مادەی "ماریگوانا"ی بەشێوەی جگەرە كێشاوە، بۆیە پۆلیس گرتنیان و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

ئەوەشی گوت لە كاتی گرتنیدا، ویز خەلیفە بڕی 18 گرام مادەی حەشیش "ماریگوانا"ی پێ بووە، تەواوی مادە هۆشبەرەكانی كردبووە جگەرە و بەو شێوەیە دەیكێشا.

باس لەوە دەكرێ كە جیا لە ویز خەلیفە، چەند كەسێكی تریش گیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانیش دەكرێت. خەلیفە خۆی نەگیراوە، بەڵام لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەردەوامیی هەیە، چونكە بەپێی یاساكانی رۆمانیا، مادەی هۆشبەری حەشیش مەترسیدار و قەدەغەكراوە، هەر كەسێك ئەو مادەیەی پێ بگیرێت، رەنگە سزاكەی بگاتە گرتن بۆ ماوەی 10 ساڵ.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د