ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، نووسراوی فه‌رمییان بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كردووه كه به‌نزین به نرخی پاڵپشتیكراو بدرێته هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئاماده نین به‌نزین به خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن.
له عێراق نرخی لیترێك به‌نزین به 450 دیناره، له كاتێكدا له هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌ت به 750 دینار دابینی ده‌كات و له به‌نزینخانه ئه‌هلییه‌كانیشدا نرخی لیترێك به‌نزینی نۆرماڵ ده‌گاته 850 دینار.
د. سه‌باح سوبحی ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" گوتی، به‌نزین و سووته‌مه‌نی ھه‌موو له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت به‌رهه‌م دێت و پاڵاوگه‌ی حكوومیمان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت، به‌ڵام به‌غدا ئاماده نییه به هیچ شێوه‌یه‌ك پشكی ھه‌رێمی كوردستان بدات و چه‌ندان جاریش داوامان كردووه.
"نووسراوی فه‌رمیمان بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كردووه، پشكی ھه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكه‌ن، یان ھه‌ندێك به‌نزینخانه دیاری بكرێت و به‌نزین به نرخی پاڵپشتیكراو بۆ ھه‌رێمی كوردستانیش ھاوشێوه‌ی عێراق دابین بكرێت، چونكه ئه‌وان باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌نزینخانه دروست بكه‌ن، قه‌ره‌باڵغی زۆر دروست ده‌بێت و بیانوو ده‌دۆزنه‌وه و ئاماده نین ئه‌و كاره بكه‌ن و پشكی ھه‌رێمی كوردستان بده‌ن، كه پێویسته ھاوشێوه‌ی خه‌ڵكی عێراق، خه‌ڵكی ھه‌رێمی كوردستانیش سوود له سووته‌مه‌نی به نرخی پاڵپشتیكراو وه‌ربگرن"، د.سه‌باح سوبحی وای گوت.
وشه/ بڵند ئیبراھیم