نوێنەری نوێی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كێیە؟

:: PM:07:01:15/07/2024 ‌
نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای گەیاند، كە نوێنەری خۆی لە عێراق دەگۆڕێ و لە جێی بلاسخارت، كەسێكی تریان داناوە بە ناوی محەمەد ئەلحەسەن كە خەڵكی عومانە.

ئەمڕۆ دووشەم، 15ی تەمووز، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ئەنتۆنی گۆتۆرێس، ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوەكە، "محەمەد حەسەن"ـی وەكو نوێنەری نوێی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە جێی "هینیس بلاسخارت" دەستنیشان كردووە، كە ئەمیان ماوەی پێنج ساڵ بوو لەو پۆستەدا مابووەوە.

نوێنەری نوێی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كێیە؟
محەمەد حەسەن، یان محەمەد حەسان، دیپلۆماتكارێكی خەڵكی وڵاتی عومانە، پێشتر پۆستی نوێنەری هەمیشەیی سوڵتاننشینی عومانی لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەبوو.

حەسان ئەزموونێكی فراوانی لە كاری دیپلۆماسیدا هەیە كە بۆ زیاتر لە 30 ساڵ دەگەڕێتەوە و بەوە ناسراوە كە دەستپێشخەریی ئاشتییانە و گەشەپێدانی زۆری هەیە و پۆستەكانی پێشتری بریتین لەمانە:

- نوێنەری هەمیشەیی شانشینی عومان (2019-2024)
- بریكاری وەزارەتی كاروباری دیپلۆماسیی وڵاتی عومان (2016)
- سەرۆكی دیوانی وەزارەتی كاروباری دیپلۆماسی (2015)
- سەرۆكی نووسینگەی وەزیری كاروباری دیپلۆماسی (2012)
- باڵوێزی وڵاتی عومان لە ڕووسیا، لە هەمان كاتدا باڵوێزی وڵاتەكەی بووە بۆ بیلاڕووسیا، ئۆكراینا، ئەرمینیا و مۆڵدۆڤیا.
- جێگری نوێنەری هەمیشەیی عومان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك.
- جێگری نوێنەری هەمیشەیی عومان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف.
 
محەمەد حەسان، بەكالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەكانی زانكۆی واشنتن لە ئەمەریكا هێناوە، پاشان ماستەری لە زانستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سانت جۆن لە نیویۆرك هێناوە، دوكتۆراكەیشی لە ئابوورییە لە زانكۆی مۆسكۆی حكوومی بۆ ئابووری.

بە زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، نەرویجی و ڕووسی دەپەیڤێت.


وشە - عەبدوڵا عومەر