ئێستە ئەمەریكا بەرەو هەڵبژاردن دەچێت و كێبەركێی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات لە رێگەی كاندیدەكانیان گەرمە و گەرمتریش دەبێت، بەتایبەتی دوای رووداوی تەقەكردن لە دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان، لەبارەی كاریگەریی ئەو رووداوە لەسەر پرۆسەكە و ئەگەری گۆڕنكاری لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە ئەگەری بردنەوەی كۆمارییەكان، سەرۆكی ئینستیوتی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی پێی وایە ئەوەی رووی دا چانسی بردنەوەی ترەمپ زیاتر دەكات.
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی ئینستیوتی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو تەقەكردنە وای كردووە دۆناڵد ترەمپ وەك شەهیدی زیندوو بناسرێت و چانسی بردنەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا زۆر زیاتر بووە، ئەو لە مردنێكی حەتمی و بە موعجیزە رزگاری بووە، پێشتریش ژمارەیەك سەرۆكی ئەمەریكا رووبەڕووی هەوڵی هاوشێوە هاتوونەتەوە، ئەو رووداوە وای كردووە ئێستە ئەو لە شەقامی ئەمەریكی و لە دنیاش هاوسۆزییەكی زۆر بۆ ترەمپ هەبێت، لەوانە سەركردایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمیش هاوسۆزییان بۆ ترەمپ نیشان داوە.
روونی كردەوە، ئەمڕۆ كۆنگرەی كۆمارییەكان دێتە سازكردن و ترەمپ بەفەرمیی وەك كاندیدی ئەو حزبە دێتە راگەیاندن و رووداوەكە هاوسۆزی زیاتری بۆ دروست دەكات، بۆیە تەقەكردنەكە هاوسۆزی و هەلی بردنەوەی بۆ ترەمپ زیاتر كرد و ئەگەر دیموكراتەكان جۆ بایدن، وەك كاندیدی خۆیان نەگۆڕن، بەگوێرەی راپرسییەكانی كراون ترەمپ سەر دەكەوێت و دەبێتەوە سەرۆكی ئەمەریكا، ئەوە ئەگەر بایدن وەك كاندیدی دیموكراتەكان بمێنێت، كە بڕیارە لە 19ی ئابی داهاتوو ئەو حزبەش كۆنگرە ببەستێت.
شایەنی باسە شەمووی رابردوو لە میانی گردبوونەوەیەكی جەماوەریی كۆمارییەكان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە كاندیدی كۆمارییەكان دووچاری رووداوێكی تەقەكردن هاتەوە، ئەو رزگای بوو و تەنیا گوێچكەی راستی بە سووكی بریندار بوو، رووداوەكە هاوسۆزیی بۆ ترەمپ لە شەقامی ئەمەریكی زیاتر كرد.