سوود و زیانەكانی شووتی زەرد چییە؟

:: PM:11:37:15/07/2024 ‌

زۆرێك وا دەزانن كە شووتی زەرد لە رێگەی دەستكاریكردنی بۆماوەیی و موتربەكردنەوە بەرهەم دێت و سروشتی نییە، راستییەكەی شووتی زەرد سروشتییە و وەك خۆی بەرهەم دێت و گەشە دەكات، هۆكاری رەنگی زرەدیشی بۆ نەبوونی مادەی لیكۆبین دەگەڕێتەوە  كە رەنگی سوور بە شووتی دەبەخشێت، شووتی زەرد سوود و زیانی خۆی هەیە. 

ڤیتالی نابۆلۆڤ، زانای بایۆلۆجیی رووسی دەڵێت، ئەو جۆرە شووتییە بە كەمیی كالۆری جیا دەكرێتەوە، كە لە هەر 100 گرام 35 كالۆری تیادایە، بەڵام بە ڤیتامین سی و بێتاكارۆتین و ڤیتامینەكانی بی و ئی و كانزاكانی پۆتاسیۆم و ئاسن و سیلیكۆن و هیتریش دەوڵەمەندە.

ئەو زانایە زیاتر دەڵێت، دەكرێ رۆژانە 300 بۆ 500 گرام شووتی بخورێت، بەڵام هەر جارێك 200 گرام زیاتر نەبێت، لە زیانەكانی شووتی زەرد، لەسەر گەدەی بەتاڵ نەخورێت یان راستەوخۆ پێش و دوای ژەمەكان، ناشبێت لەگەڵ بەرهەمەكانی شیرەمەنی بخورێت، زیانی بۆ ئەوانەش هەیە كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە یان نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس و هەستیارییان هەیە یان ئەوانەی پێی تێك دەچن.

بەگشتی جیاوازی لەنێوان شووتی سوور و زەرد مادەی لیكۆبینە، كە رەنگی سوور دەداتە شووتی و دژەئۆكسێنەرە، شووتی زەرد تێیدا نییە، بەڵكو بێتا كارۆتینی تیادایە كە رەنگی زەردی پێ دەبەخشێت، ئەویش دژەئۆكسێنەرە و یارمەتیی پاراستن لە شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی چاو دەدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل