لەمەودوا هەموو مانگێگ پێش سەری مانگ، كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كارمەندانی حكوومەتی عێراق مووچەكانیان وەردەگرن. وەزارەتی داراییش دەڵێت، لەم هەفتەیەدا لیستی مووچە دەنێرینە بەغدا.
وەزارەتی دارایی عێراق لە 17ی مانگەوە دەست بە پارەداركردنی وەزارەتەكان بۆ دابەشكردنی مووچە دەكات، لە 25 مانگ كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە دێنێت، پێشتریش حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاتێك كە بودجەی لە بەردەست بوو، هەموو مانگێك پێش كۆتایی مانگ بەچەند ڕۆژێك تەواوی مووچەی كارمەندانی دابەش دەكرد.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، كار كراوە بۆ ئەوەی لەم مانگەوە هەموو كارمەندانی حكوومەتی كوردستان لەگەڵ كارمەندانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ پێكەوە مووچەكانیان وەربگرن.
سەرچاوەكەی دارایی ئەوەشی گوت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕژدی لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە پێوەندیدایە كە كێشەی مووچە بەتەواوی ئاسایی بكرێتەوە، چیتر مووچە نەبێتە هەواڵ و لە كاتی خۆی هەموو مانگێك پێش كۆتایی مانگەكە مووچەی تەواوی كارمەندانی كوردستان بدرێت.