لە بەغدا كۆنسێرتێك بۆ هونەرمەندانی كوردستان و مووسڵ و بەسرە ڕێكدەخرێت

:: AM:11:35:16/07/2024 ‌
ماڵی موزیكیی زەهاوی بڕیارە كۆنسێرتێك لە بەغدا ساز بكات، لە كۆنسێرتەكەدا هونەرمەندانی كوردستان، بەغدا، مووسڵ و بەسرە بەشدار دەبن.

هەژار زەهاوی رای گەیاند، دوێنێ دووشەم 15ی تەمووز، د. ئەحمەد فكاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی عێراق لە بەغدا بینیوە، گفتوگۆیان لەبارەی ماڵی موزیكیی زەهاوی و چالاكییە هونەرییەكانەوە كردووە.
 
زەهاوی ئەوەشی گوتووە، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ماڵی موزیكیی زەهاوی بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاری كۆنسێرتێك لە بەغدا ساز بكەن، لە كۆنسێرتەكەدا هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان، بەغدا، مووسڵ و بەسرە بەشدار دەبن و موزیكی كوردی و ناوچە جیاوازەكانی عێراقی، ئاوێتەی یەكتر دەكرێت.
 
زەهاوی ماڵێكی موزیكی لە باشووری كوردستان لە مێرگەپان كردووەتەوە و چالاكیی هونەری لەشارەكان ئەنجام دەدات، بڕیارە كۆنسێرتێك لە سلێمانی ساز بكات و  لەم كارەشدا موزیكی جاز و موزیكی كوردی ئاوێتە دەكەن.
 



وشە - سۆران عەزیز