پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێكهێنانی ئیدارەی كەركووك ئاشكرا كرد "پەراوێزخستن قبووڵ ناكەین"

:: PM:09:35:16/07/2024 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رای گەیاند، هەڵوێستی حزبەكەیان لەبارەی كەیسی ئیدارەی كەركووك و ئەنجوومەن و پۆستی پارێزگار نەگۆڕە و ئاماژەیشی كرد كە قبووڵ ناكەن هیچ هێزێكی براوە پەراوێز بخرێت. 

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووزی 2024، حەسەن نەجیب سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، دانیشتنی پێنجشەمی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەنگاوێكی راست و دروست بوو لە پێناو رازیكردنی تەواوی هێزە سیاسییەكان كە براوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بوون. 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەیشی كرد كە هەڵوێستی پارتی روون و جێگیرە لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاكە و پۆستی پارێزگار، پێمان وایە بەشداریكردنی هەموو لایەك لە ئیدارەی پارێزگاكە بڕیارێكی دروستە و بەشدار دەبێت لە نزیككردنەوەی تێڕوانینی نێوان فراكسیۆنەكان لە نێوان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك. 

زیاتر گوتیشی، "ئێمە پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و تەواوی پۆستەکانی تر وەک مافێکی ڕەوا بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک لە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی سەیر دەكەین"، دووپاتیشی لەوە كردەوە، "هەر پەراوێزخستنێک لە هەریەکێک لە پێكهاتەكان، ئیدارە ناتوانێت سەرکەوتوو بێت و بەردەوام بێت بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، "دوای ئەنجامدانی دانیشتنەکە، گفتوگۆی کۆتایی لەنێوان فراكسیۆنەكاندا دەکرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەكان بەپێی پرەنسیپی بەشداریی هەموو لایەک و پەراوێزنەخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە بەشداریکردن لە ئیدارەی پارێزگاکە. ئەم دەقەیش بە روونی لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا باس کراوە و ئاماژە دراوە کە ئیدارەی کەرکووک ئیدارەیەکی بە بەشەداریی هەموو لایەنەكان دەبێت پێكبهێندرێت.

کەرکووک تاکە پارێزگایە دوای هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پۆستەکانی دابەش نەکراون؛ تاوەکو ئێستا چەندان كۆبوونەوە بە سەرپەرشتیی سوودانی بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان کراوە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشتر لەبارەی پۆستەكانەوە ڕای گەیاندبوو، "لەبەرئەوەی کورد زۆرینەی کورسییەکانی بەدەست هێناوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد دەبێت و پۆستەکانی تریش لەنێوان لایەنەکان دابەش دەکرێن".


وشە - پۆڵا مەحموود