وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای دیوانیە گیراون درۆنیان بۆ مەبەستی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەكارهێناوە.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووزی 2024، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە پارێزگای دیوانیە دوو كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر گیران و لە كاتی گیرانیشیاندا دەست بەسەر چوار درۆن گیراوە كە بە مەبەستی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەكان بەكاریان هێناوە.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوەكەیشدا ئاماژەی بەوە كردووە، هێزێكی پۆلیسی دیوانیە لە بەشی كاروباری مادە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقلییەكان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی پارێزگاكە توانیویانە دوو بازرگانەكە بگرن.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاشكرا كراوە كە دوو تۆمەتبارەكە كەرەستەی تایبەت بە دروستكردنی مادەی هۆشبەریان پێ بووە لەگەڵ چوار درۆندا و رەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە كراون، پەڕاویان بۆ كراوەتەوە بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرانبەریان.