ماڵپەڕی CNNی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە پێش هێرش كردنە سەر ترەمپ، دەزگا هەواڵگرییە ئەمەریكییەكان زانیارییان هەبووە ئێران سەرقاڵی هەوڵێكە بۆ كوشتنی "ترەمپ"ی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، هاوكات ماڵپەڕە هەواڵییەكە رەتیشی كردووەتەوە ئەو پیلانانەی ئێران پێوەندییان بە هێرشەكەی رۆژی شەموو هەبووبێت.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووزی 2024، تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمەریكی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگریی ئەمەریكییەوە بڵاوی كردەوە كە چەند هەفتەیەك پێش هێرشەكەی شەموو بۆ سەر تڕەمپ، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا ئاگەداری هەوڵێكی تیرۆری ترەمپ بوون لەلایەن ئێرانەوە و سەرچاوە باڵا هەواڵگرییەكان ئەوەشیان گوتووە لەو بڕوایەدا نین كە تاران لە پشت كردەوەی رۆژی شەمووی رابردوو بێت بۆ سەر ترەمپ.
راپۆرتەكەی CNN باسی لەوەیش كردووە، ئەو زانییارییە بەردەستانەی هەبوون بۆ هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ وای كردبوو كە هەوڵی پێشگرتن لە روودانی رووداوێكی هاوشێوەی هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ لە ئارادابێت و یەكە پاسەوانییەكان رێكاری توندی تەناهییان گرتبووە بەر بۆ پاراستنی ترەمپ، بەڵام سەرەنجام هەر نەتوانرا رێگری لەو هەوڵەی رۆژی شەموو بگیرێت كە گەنجێكی 20 ساڵی ئەمەریكی لە پەنسیلڤانیا كردی بۆ تیرۆری ترەمپ.
جێگەی ئاماژەیە بە پێی راپۆرتە ئەمەریكییەكە، ئەو پیلانانەی ئێران لە دوای ساڵی 2020ـەوە سەرچاوەیان گرتووە کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بە درۆن کوشت.
لای خۆشییەوە نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان رەتی كردەوە كە پێوەندیان بە هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپەوە هەبێت و راشی گەیاند كە ترەمپ تاوانبارێكی دڕندەیە و پێویستە لە دادگا تۆڵەی لێ بكرێتەوە چونكە ئەو فەرمانی "تیرۆر" كردنی "سەرۆك" سولەیمانی دا.