یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی گەشتی فڕۆكەوانیی بۆ عێراق راگرت

:: AM:09:08:17/07/2024 ‌
بەهۆی تێبینیی زۆریان لەسەر هێڵی فڕۆكەوانی، یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، گەشتی فڕۆكەكانیان بۆ عێراق راگرت، وەزارەتی گواستنەوەش ئاشكرای كرد، هەنگاوی گرنگیان ناوە بە ئاراستەی هەڵگرتنی گەمارۆكانی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی.

ڕەزاق سەعداوی وەزیری گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكە دەدەن، هێڵی ئاسمانیی عێراق بەردەوامە لە گرتنەبەری "ڕێكارەكانی ڕاستكردنەوە" و جێبەجێكردنی داواكاری و پێوەرە‌كانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، بۆ ئەوەی قەدەغەی سەر گەشتی فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لاببرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەكە، یەكێك لەو ڕێكارانەی لەلایەن عێراقەوە گیراونەتەبەر بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، واژووكردنی گرێبەستی ڕاوێژكارانەیە‌ لەگەڵ یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی، بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێكدا ئامادەكاریی بكرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و بە دوای ئەوەشدا گرێبەستی قۆناغی دووەم واژوو دەكرێت، كە بە (cap) ناسراوە و بریتییە لە بنەبڕكردنی ئەو تێبینییانەی لەبارەی سەلامەتییەوە هەن و وا دەكەن گەشتی فڕۆكەكانی عێراق بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بن.

تێبینییەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی لەبارەی فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە، لە ساڵی 2015ـەوە سەریانهەڵداوە و پێوەستن بەو ڕێكارانەی كە لەسەر زەوی دەگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی فڕۆكەكان و چۆنێتیی كاركردنیان، هەروەها شێواز و چۆنێتیی پڕكردنی سووتەمەنی و چەند ڕێكارێكی تر كە ئاستی پارێزراوی و سەلامەتیی فڕۆكەكان لە كاتی گەشتكردندا مسۆگەرتر دەكەن.

لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاوی كردەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە چاودێریی وەزیری گواستنەوە، بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ تەواوكردنی سەرجەم رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی داخوازییەكانی یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، مەناف عەبدولمونعیم بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق، گرێبەستێكی راوێژكاری و جێبەجێكردنی لەگەڵ یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی واژوو كردووە بۆ پشتیوانی لەو دۆسیەیە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە دوای دوو مانگی تر، قۆناغی دووەمی هەوڵەكان دەست پێ دەكات كە ناسراوە بە رێوشوێنی راستكردنەوەی پابەندبوون بە مەرج و رێنوێنییەكانی رێكخراوی فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی هەڵگرتنی گەمارۆی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی، بە گوێرەی خشتەیەكی زەمەنی كە بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەكرێت.




وشە - سۆران عەزیز