بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن و ركابەریی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات لە رێگەی كاندیدەكانیان گەرمە، دوای رووداوی تەقەكردن لە كاندیدی كۆمارییەكان لە شەمووی رابردوو، ئەگەری بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ زیاتر بوو، بۆیە سەركەوتنی كۆمارییەكان واتە گۆڕان لە سیاسەتەكانی ناوخۆیی و دەرەوەی ئەمەریكا، لەوانەش بەرانبەر بە دنیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستان، توێژەرێك باس لە ئەگەری كاریگەربوونی هەرێم بە گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا بە هاتنی ترەمپ دەكات.
لە ماوەی ئەم هەفتەیە كۆنگرەی حزبی كۆماریی ئەمەریكا هاتە سازكردن و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، حزبەكە بەفەرمیی دۆناڵد ترەمپی وەك كاندیدی ئەو حزبە راگەیاند، هاوكات بڕیارە كۆنگرەی گشتیی حزبی دیموكراتی لە 19ی ئابی داهاتوو ببەسترێت و داوایەكی زۆر بۆ كشانەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لە كێبەركێی سەرۆكایەتی و شوێنگرتنەوەی بە كەسێكی تر هەیە.
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی ئینستیوتی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی بە "وشە"ی گوت، یەكێك لە كارەكتەرە گرنگەكان لە ئەمەریكا كە رۆڵی بەرچاوی لە داڕشتنی سیاسەتەكانی ئەمەریكا لەوانەش سیاسەتی دەرەوە هەیە، سەرۆكی ئەمەریكایە، كە بەگوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە رۆڵی لەوەدا هەیە، ئێمە لە رابردوو فەرمانڕەوایەتیی ترەمپ و بایدنمان بینی، هەردوو حزب رێگەی تایبەتی خۆیان بۆ سیاسەتكردن هەیە، بەگشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەرنج دەخاتە سەر دوو خاڵی سەرەكی، یەكەم/ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەسەر هەموو ئاستەكان لە دنیا، دووەم/ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بۆیە هەردوو حزب لەسەر ئەو دوو خاڵە كۆك و هاوڕان، بەڵام بەشێوازی جیاواز.
سەرۆكی ئینستیوتی توێژینەوەی ئەمەریكی- كوردی ئاماژەی كرد، بۆ نموونە ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆكی ئەمەریكا، وەك خۆی دەڵێت لە ماوەی 24 سعات شەڕی رووسیا و ئۆكراینا دەوەستێنێت، هەوڵی وەستانی شەڕی غەزەش دەدات، كە بایدن نەیتوانی ئەوە بكات و ئەمەریكای بە لاواز پێشان داوە، بۆیە هاتنی ترەمپ كاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێت.
ئاماژەی كرد، خۆشبەختانە سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستان زۆر حەكیمانەیە و هاوسەنگیی راگرتووە، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریكا و لە پرۆسەی لۆبیكردن، كە پێوەندیی باشی لەگەڵ دیموكرات و كۆمارییەكانیش هەیە، ئەگەرچی تێڕوانینی ئەمەریكا بۆ دۆزی كورد بەگشتی یەك تێڕوانین نییە و لەگەڵ هەر پارچەیەكی كوردستان بە شێوەیەكە، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووری، وڵاتان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكەن، لەسەر ئاستی هەردوو حزب لە ئەمەریكا.
"بایدن یان ترەمپ لە كۆشكی سپی بێت، كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێرە و پێوەندییەكی پتەوی دیپلۆماسی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە واشنتن هەیە، ئێمە وەك هەرێم مامەڵەیەكی هاوسەنگمان لەگەڵ هەردوو حزب كردووە، بۆیە بۆ هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكە بەو شێوەیە زەق نابێت، ئەمەریكاش لە سەردەمی ترەمپ و بایدنیش هەمیشە ئەوەی گوتووە و سیاسەتی بەرانبەر بە هەرێم ئەوە بووە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستانێكی بەهێزە لە چوارچێوەی عێراق، واتە لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی هەرێمن"، كارۆخ خۆشناو وای گوت.
ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە پێشبینی هەیە دوای بردنەوەی ترەمپ، ئەو سیاسەتێكی جیاوازی دەرەوە، بەتایبەتی بەرانبەر بە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی و ئۆكراینا و چین و تایوان بگرێتە بەر، پێداچوونە بە ئامانج و ئەركەكانی هاوپەیمانی ناتۆ دەكات و پاڵپشتیی دارایی لەسەر دەبڕێت، بەوەی پێویستە ئەوروپییەكان رێز لە پابەندییە داراییەكانیان بەرانبەر بە ناتۆ بگرن، داوا لە ئۆكراینا دەكات قەرەبووی ئەو چەك و تەقەمەنیانەی بۆ بكاتەوە كە بۆی رەوانە كردووە و چیتر یارمەتی سەربازی بۆ رەوانە ناكات و ئەگەر كردیشی وەك قەرز دەبێت.
ترەمپ دەیەوێ هێزی چەكدار رەوانەی مەكسیك بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی باندەكانی مادەی هۆشبەر و زیادكردنی باجی گومرگ، بەتایبەتی لەسەر چین و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی، هاوكات بۆ بەرگریكردنی لێی بەرانبەر بە چین پێویستە تایوان پارە بە ئەمەریكا بدات، بۆیە گومان لە پێوەندیی ئەمەریكا و رووسیا و ئەمەریكا و تایوان لە حاڵەتی بردنەوەی هەیە، نیكی هایلی باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و فەرمانڕەوای ویلایەتی كارۆلاینای باشوور دەڵێت، سەرۆكی بەهێز رێگری لە هەڵگیرسانی شەڕ دەكات نەك دەست پێكردنی، لە سەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری دیموكرات رووسیا كۆنترۆڵی كریمیای كرد و لە سەردەمی جۆ بایدنیش ئۆكراینای داگیر كرد.
سەبارەت بە عێراق ئەگەری هەیە دوای هاتنی ترەمپ سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی دارایی و ئابووری، هاوكات لەگەڵ گوشاری سەربازی بۆ سەر گرووپە چەكدارەكان و حكوومەتی چوارچێوە توندتر بێت، رەنگە ئاستی هێرشی میلیشیاكان زیاتر روو لە هەڵكشان بكات، بەڵام هێزەكانی ئەمەریكا زیاتر دەستكراوە دەبن، بوون و دەسەڵاتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەبێت، هەوڵ دەدات شەڕی غەزە رابگرێت، بەرانبەر بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل، بەگشتی ئەو كۆتەكان لەسەر ئێران توند دەكات و تا رادەیەك دەستی توركیا، بەتایبەتی لە سووریا دەكاتەوە.