شارەزایەكی كەشوهەوا هەواڵێكی "فێنك"ی لەبارەی هاوینەوە راگەیاند

:: PM:09:53:17/07/2024 ‌
شارەزایەكی كەشناسیی رای گەیاند كە هاوینی ئەمساڵ زووتر لە چاو ساڵانی رابردوو كۆتایی دێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە سبەی چلەی هاوین دەست پێ دەكات. 

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووزی 2024، عەلی جابر زیادی، شارەزای كەشسنایی عێراقی بە پێگەی هەواڵیی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە، پلەكانی گەرمای هاوین زووتر لە چاو ساڵانی رابردوو نزمبوونەوە بەخۆیان دەبینن و دەگەڕێنەوە 38 پلەی سەدی لەگەڵ كۆتاییهاتنی مانگی ئابی داهاتوو. 

شارەزا كەشناسییەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە كە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، ڕەنگە کەشوهەوا فێنك بێت و لە ناوەڕاستی مانگدا مەیلی كەشوهەوا بەرەو كەشی پایزە بڕوات"، روونیشی كردووەتەوە، "کەشوهەوای هاوین 46 رۆژی ماوە و لەو ماوەیەدا پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما لە ئاستی ئاسایی رێژەی خۆیدا بێت و چاوەڕێش دەكرێت تەواوی ئەو 46 رۆژە دوو شەپۆلی تر یا سێی بەهێزی گەرما بگەڕێتەوە كە یەكێك لەو شەپۆلانە كورتە و زوو كۆتایی دێت. 

جێگەی ئاماژەیە سبەی پێنجشەم 18/7/2024 لە ڕوانگەی فەلەكییەوە، یەكەم رۆژی چلەی وەرزی هاوین دەست پێ دەكات و تا 26/8/2024 دەخایەنێت، چلە بەوە ناسراوە كە گەرمترین ماوەی وەرزی هاوینە، ساڵانە لەو ماوەیەدا بەرزترین پلەكانی گەرما و گەرمترین رۆژەكانی وەرزی هاوینی تێدا تۆمار دەكرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود