دوای ئەوەی بەر لە ماوەیەك عەتا سەراوی، سەركردەیەكی پێشووی یەكێتی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی هاتە گرتن، كوڕێكی لەبارەی شوێن و دۆخی تەندروستی باوكییەوە زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات و دەڵێت، تەندروستیی باشە و لە چەند رۆژی رابردوو سەردانی كردووە.
لەبارەی دوایین زانیاری لەسەر تەندروستیی باوكییەوە، پێشڕەو عەتا سەراوی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە باوكم لە زیندانی ئاسایشی یەكێتییە لە كانی گۆمە، لە چەند رۆژی رابردوو سەردانم كردوو و چاوم پێی كەوتووە.
روونی كردەوە، تەندروستیی باوكم باشە و ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە رەت دەكەینەوە كە باس لە تێكچوونی باری تەندروستی دەكرێت، بۆیە ئێستە دۆخی تەندروستی لەوپەڕی باشیدایە، چەند رۆژێكیشە داوام لە نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی كردووە كە بە تایبەتی لەسەر دۆسیەی زیندانیكردنی باوكم چاوم بە خودی بافڵ تاڵەبانی بكەوێت و گفتوگۆی لەگەڵ بكەم و بابەتەكە یەكلا ببێتەوە و باوكم ئازاد بكرێت، پێشبینی دەكەم بەم زووانە ئازاد بكرێت"، پێشڕەو عەتا سەراوی وای گوت.
شایەنی باسە دوو هەفتەیە عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتی گەڕانەوەی لە ئەوروپا لە فڕۆكەخانەی سلێمانی گیراوە و تا ئێستەش لە زینداندایە و هیچ لایەنێكی تەناهی ئامادە نییە لەسەر ئەو دۆسییە قسە بكات.
وشە/ تایبەت