بەسرە.. بەهۆی رووداوێكی سەختی هاتوچۆ 16 كەس بوونە قوربانی

:: PM:11:15:17/07/2024 ‌
سەرچاوەیەكی هاتوچۆ لە پارێزگای بەسرە رای گەیاند كە ئەم ئێوارەیە لە ئەنجامی رووداوێكی سەختی هاتوچۆدا ژنێك گیانی لە دەست دا و 15ی تریش بریندار بوون كە لەناویاندا منداڵی شیرەخۆر هەیە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووزی 2024، ماڵپەرێكی عێراقیی لە سەرچاوەیەكی پۆلیسی هاتوچۆوە بڵاوی كردەوە كە لە ئەنجامی رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی ژمارە 17 بە ئاڕاستەی "مەزارع" لە شارۆكەی زوبێر ماتۆڕسكیلێك لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلدا تووشی پێكدادان بوونە كە لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیان لە دەستدان و بریندار بوونی 16 كەس و لەناویشیاندا منداڵێكی تەمەن دوو ساڵ هەیە كە برینەكەی سەختە. 

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە، ئۆتۆمبێلەكانی ئامبوڵانس و فریاكەوتنی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و تەرمی ئافرەتەكەیان گواستووەتە بۆ پزیشكی دادی بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و بریندارەكانیشیان بە مەبەستی چارەسەر كردن رەوانەی نەخۆشخانە كردووە. 

ئەوەیش روونكراوەتەوە، رووداوەكە لە ئەنجامی تیژرۆییدا رووی داوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیش لەلایەن پۆلیسیەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود