پۆلیسی دهۆك رای گەیاند، كەسێكیان گرتووە بەهۆی تۆمەتی سیحر، نووشتە، جادووكردن و خەڵەتاندنی كچان و ژنان. لە راگەیەنراوێكی ڤیدیۆییشدا پۆلیس داوا لە ژنان و كچان دەكات، باوەڕ بەو جۆرە كەسانە نەكەن و نەخەڵەتێن.
ئەمڕۆ شەموو 20ی تەمووزی 2024، هێمن سولەیمان گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك لە راگەیەنراوێكی ڤیدیۆییدا بڵاوی كردووەتەوە، پۆلیسی دهۆك تۆمەتبارێكی گرتووە كە كاری ئەو كەسە فێڵ و جادوو و نوشتەكردن بووە. ئاماژەیشی كردووە، ئەمە یەكەم جاری نییە لەسەر هەمان تاوان ئەو كەسە بگیرێت و دوو ساڵ لەمەوبەر بەهەمان هۆكار گیراوە.
گوتەبێژی پۆلیس روونی كردووەتەوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاریی پێویست و پێگەیشتنی زانیاری و گەیشتنی سكاڵای هاووڵاتییان لەسەر تۆمەتبار، لەسەر بڕیاری دادوەر هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك تۆمەتباریان گرت.
گوتەبێژی پۆلیس هۆشداری داوە بە ژنان و كچان و دەڵێ، پێویستە كچان و ژنان باوەڕ بەو كەسانە نەكەن، چونكە خۆشیان ددان بەوە دادەنێن كە كارەكانیان فێڵ و تەڵەكە و درۆیە و هیچ بنەمایەكی نییە. روونیشی كردووەتەوە، ئەو كەسانە ناتوانن هیچ شتێك بۆخۆیان بكەن، چۆن دەتوانن بە جادوو و نوشتە كار بۆ ئەوان بكەن.
بەهۆی ئەوەی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و خێزان، ماوەیەكە هەڵمەتی گرتنی ساحیر و جادووگەران لەلایەن پۆلیس و ئاسایشی شارەكان فراوان بووە و پۆلیس و ئاسایشی شارەكان داوایان لە هاووڵاتییان كردووە كە هەر كەسێك زانیاری لەبارەی ئەو جۆرە كەسانە هەبێت، یارمەتییان بدەن لەپێناو پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و تێكنەچوونی شیرازەی خێزانەكان.
http://