پەكەكە لەگەڵ ئەوەی گرووپێكی نایاساییە و لەناو خاكی هەرێم خەریكی كاری تێكدان و تیرۆرە، بەڵام هەڕەشە دەكات و دەیەوێ شەڕ دروست بكات، ئەو شەڕێكی نەخوازراوی هێناوەتە ناو خاكی هەرێم و بە بەردەوام كار بۆ بەرژەوەندیی دوژمنانی كورد دەكات، بووەتە داردەستی وڵاتان و جێبەجێكاری پیلانی نەیارانی هەرێم، هەمان رۆڵ دەگێڕێت كە جاشەكانی سەردەمی رژێمی پێشوو بەرانبەر بە كورد دەیانكرد، ئێستە بە ناوی كوردایەتی و خەبات بۆ گەلی كورد هەمان رۆڵ دەگێڕێت، لەوكاتەی ئامانجی لێدانە لە دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
لەوبارەوە بڵند جەمیل، شارەزای پێوەندییەكان بە "وشە"ی گوت، پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كاریگەریی خراپی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و جوگرافیش هەبووە، گرووپێكی چەكدارییە و بە نایاسایی لەناو خاكی هەرێمە، لە هەر ناوچەیەك بێت ئەو ناوچە لە رووی جوگرافییەوە لەسەر هەرێم حیساب ناكرێت، چونكە رێ نادەن هاووڵاتییانی ئاسایی بچنە ئەو شوێنە و بە ئاسوودەیی بژین، لەلایەكی ترەوە لەسەر ئاستی دیپلۆماسییەوە كێشەی بۆ حكوومەتی هەرێم دروست كردووە، چونكە هەرێم و توركیا دوو وڵاتی دراوسێن و كاری پێكەوەیی و بازرگانی لە نێوانیان هەیە، بۆیە هیچ خزمەتێكی بە دۆزی رەوای گەلی كورد نەگەیاندووە.
زیاتر گوتی، پەكەكە لە ماوەی رابردوو تا ئێستەش كوردستانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار هێناوە و هیچ كارێكی بۆ كوردستان و كورد نەبووە، لایەنەكانی هەرێم بە دوژمن دەزانێت و بە دەستتێكەڵكردن لەگەڵ دوژمن و نەیارانی كوردستان تۆمەتباریان دەكات، لەوكاتەی ناتوانێت شتێك بكات ئەگەر لە سەرەوە فەرمانی پێ نەكرێت و تەنیا جێبەجێكارە.
لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە ئەو هێزەیە كە ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكات، هۆكارێكە بۆ هاتنی هێزی بێگانە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە بۆ تێكدانی ژیان و ماڵوحاڵی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە سنوورییەكان، چونكە ئەگەر پەكەكە لەناو خاكی هەرێم نەبێت، هیچ وڵاتێك بوێری ئەوە ناكات دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكات، بەڵام بەهۆی پەكەكەوە چەندان ناوچەی هەرێم ناسەقامگیر بوونە.
هەر پێوەست بەو بابەتە هیوا رەشید، كادری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، پەكەكە بووە بە نەهامەتی و كارەسات بۆ رۆژئاوای كوردستان، ئێستەش خەریكی پیلانگێڕییە لەناو خاكی هەرێم، ئەو بەكار دەهێنرێت و كێشەیە بۆ میلەتی كورد لەهەر پارچەیەكی ئەو كوردستانە، بۆیە تا پەكەكە مابێت كورد لە هیچ پارچەیەكی ئەم كوردستانە خێر لەخۆی نابینێت و هەناسەی ئاسوودەیی هەڵنامژێت، 40 ساڵە خەبات دەكات و تا ئێستە نەیتوانیوە گوندێك و شوێنێك رزگار بكات و بڵێت ئەوەتا ئەوەمان كرد و گەیشتین بەوەی هەوڵمان بۆ دەدا.
روونی كردەوە، پەكەكە هێنرایە هەرێمی كوردستان و سەتان گوند وێران بوون و ماڵوحاڵی خەڵكی تێدا چوو، ئەو خەریكی كاری تێكدەرانەیە، بەڵام بەوەش ناوەستێت و هەڕەشە دەكات و باسی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە دەكات، چونكە خۆی هەمیشە بەدوای شەڕەوەیە و دەیان و سەتان كەس بەهۆی پەكەكەوە كوژران و خۆشی لە دوورەوە سەیر دەكات، پەكەكە تەنیا بۆ ئەوە دروست بوو دژایەتی كورد بكات.
شایەنی باسە دووشەمی رابردوو بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان تەقییەوە، دوای رووداوەكە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە پەكەكە ئەو كارە تیرۆرستییەی ئەنجام داوە، بەڵام پەكەكە لە راگەیەندراوێكدا سەرەڕای كارەكەی هەڕەشەی دەكرد.
وشە/ تایبەت