فڕۆكەیەكی قەتەری بە ناچاری لە فڕۆكەخانەی بەسرە نیشتەوە

:: PM:09:28:20/07/2024 ‌
سەرچاوە هەواڵییە عێراقییەكان هەواڵی نیشتنەوەی ناچاریی فڕۆكەیەكی قەتەرییان لە فڕۆكەخانەی بەسرەی نێودەوڵەتی بڵاو كردەوە. هاوكات ئاماژەیش دراوە، هەست بە بۆنێك كراوە كە ئاماژە بووە بۆ سووتان لە فڕۆكەكە. 

ئەمشەو شەموو 20ی تەمووزی 2024، پێگەی هەواڵی "شەفەق نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای فڕۆكەوانییەوە بڵاوی كردەوە، فڕۆكەیەكی قەتەری كە سەر بە هێڵی ئاسمانیی قەتەری بوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە لە عێراق نیشتەوە. 

سەرچاوەكە وردەكاریی لەبارەی گەشت و فڕۆكەكەوە زیاتر ئاشكرا كردووە و روونی كردووەتەوە، هەست كردن بە بۆنێكی سووتاوی لەپشت نیشتنەوەی ناچاریی ئەو فڕۆكە قەتەرییە بووە كە 270 سەرنشینی تیادا بووە و بەرەو دەوحە دەڕۆیشت. 

ئاماژەش كراوە، تەواوی گەشتیارەكانی ناو فڕۆكەكە بە سەلامەتی لە فڕۆكەخانەی بەسرە نیشتوونەتەوە و ئێستە لە هۆڵی چاوەڕوانیی فڕۆكەخانەی بەسرەن.


وشە - پۆڵا مەحموود