كێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70 چارەسەر كرا

:: PM:12:56:22/07/2024 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردووەتەوە، بە بڕیاری وەزیری دارایی چارەسەری كێشەی مووچەی یەكەی 70ـی پێشمەرگە كرا، هۆكاری راگرتنی مووچەكەشیان ئەوەبوو هیچ دۆسیەیەكیان لە وەزارەتی دارایی نەبوو.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تەمووز، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی كرد لە ژمارەیەك لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەكانی یەكەی 70 كە لەچەند ناوچەیەكی جیاوازی پارێزگای سلێمانییەوە هاتبوون.

لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر كێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70 كرا كە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار كەسە و مووچەی مانگانەیان نزیكەی چوار ملیار دینارە، تا ئێستە نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.     

وەزیری دارایی ڕوونی كردەوە بەپێی یاسای چاكسازی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێك لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەكانی یەكەی 70 تا ئێستە هیچ داتا و زانیاری و دۆسیەیەكیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوررستانیش هیچ تەرخانكراوێكی داراییان بۆ نەكراوە. گوتیشی وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواكەوتن و نەدانی مووچەكانیان، بەڵكو پێویستە فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70 كار بكات بۆ ئەوەی بەزووترین كات دۆسیەكانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان.      

هاوشێوەی مانگەكانی تر وەزیری دارایی فەرمانی كرد بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70 بەشێوەی سلفە تا كێشەكەیان بە یەكجاری چارەسەر دەكرێت.  
   
لای خۆشیانەوە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و خانەنشینانی هێزەكانی یەكەی 70 كە نوێنەری بەشێك لە حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی تێدابوو، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی وەزیری داراییان كرد كە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا نەیهێشتووە كێشە بۆ مووچەكانیان دروست ببێت و مانگانە بە بڕیاری تایبەتی خۆی مووچەكانیان بۆ خەرج كراوە.


وشە - رامیار جەواد