نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی فەرمی بانگێشتی باكۆ دەكرێت بۆ بەشداری لە لووتكەی كەشوهەوای جیهان.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تەمووز، فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە نەسیر ماممادۆڤ باڵوێزی ئازەبایجان لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا باڵوێز ئازەربایجان بانگهێشتنامەیەكی فەرمیی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی گەیاند، بۆ بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كارەكانی لووتكەی سەركردەكانی جیهان لە كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ ئاوهەوا (COP29) كە ڕۆژانی 11 بۆ 22ی مانگی 11 (نۆڤێمبەر)ی ئەمساڵ لە باكوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت.
لە دیدارەكەدا برەودان بە پێوەندییەكانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی تاوتوێ كران.
نوێنەرەكەی ئازەربایجان خواستی وڵاتەكەی بۆ برەودانی پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی لەوە كردەوە، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ باكۆ و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئازەربایجان ئیلهام ئەلییەڤ، لاپەڕەیەكی نوێی لە پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەكاتەوە.