یاسا بۆ لێبوردنی گشتی دەردەچێت

:: AM:09:23:23/07/2024 ‌
سبەی پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای خانەنشینیی حەشدی شەعبی دەكرێت.

درەنگانی شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەمی بڵاو كردەوە، بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، سەعات 11 پێش نیوەڕۆی چوارشەم 24ـی تەمووز پەرلەمان كۆ دەبێتەوە.

بەپێی بەرنامەی كۆبوونەوەكە، چوار یاسا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت كە یەكێكیان هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتییە.

لە بەشێكی كارنامەكەدا هاتووە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دەكرێت.

هاوكات باسی لەوەش كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و چەند یاسایەكی تر دەكرێت.

ئەگەری هەیە بەهۆی یاسای خانەنشینیی حەشدی شەعبی كێشە دروست بێت، چونكە لایەنە سوننەكان لە ئێستەوە هۆشدارییان داوە كە بەشداریی ئەو دانیشتنە ناكەن.


وشە - رامیار جەواد