داوا دەكرێت ژمارەیەك پارچە زەوی عزەت دووری كە زیاتر لە 700 دۆنمە، وەربگیرێتەوە و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەكانی عێراقیش دەڵێت، داوامان كردووە دەست بەسەر دوو خانووبەرە لە شارەدێی دۆرەی سەڵاحەدیندا بگرن كە بەناوی دوورییەوەیە.
لە دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی عێراق، دەركەوت بەرپرسانی پێشوو چەندان كۆشك و تەلار و زەوی و پارەیان بەناوەوەیە، بەشێك لەو زەوی و خانووانە تا ئێستە هەر بەناویانەوە ماونەتەوە و نەگەڕێنراونەتەوە بۆ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ.
بەپێی لێدوانی ئەیمەن داود سەلمان جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەكانی عێراق، تا ئێستە زیاتر لە 20 گرێبەستی كشتوكاڵی بەناوی بەرپرسانی حزبی بەعس لە شارەدێی دۆر هەن و یەكلا نەكراونەتەوە.
ئەیمەن داود سەلمان رای گەیاند، تیمێكی سندووقەكە چوونەتە تۆماری خانووبەرەی شارەدێی دۆر بۆ وردبینی لەو خانووبەرانەی بەناوی بەرپرسانی پێشووی بەعسەوەن، دەركەوتووە دوو خانوو بە رووبەری 799 مەتر چوارگۆشە و 600 مەتر چوارگۆشە، یەكێكیان بەناوی شارەوانی دۆرەوە تۆمار كراوە، بەڵام دواتر بەناوی ئەحمەد عزەت دوورییەوە بەبێ دانی هیچ پارەیەك تۆمار كراوە و هیچ ئاماژەیەكی دەستبەسەرداگرتنیشی لەسەر دانەنراوە.
هەر بەپێی ئەو وردبینییەی سندووقی گێڕانەوەی پارەكانی عێراق كردوویەتی، دەركەوتووە عزەت دووری و خێزانەكەی 23 خانووبەرەیان بەناوەوەیە، وەزارەتی كشتوكاڵیش ئاگادار كراوەتەوە لە گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی رووبەریان دەگاتە 486 دۆنم.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەكانی عێراق ئاماژەی بۆ كردووە، دوو گرێبەستی كشتوكاڵییان بەناوی فاتیمە عزەت دووری و دوو برایەوە دۆزیوەتەوە كە ڕووبەرەكەیان دەگاتە 170 دۆنم زەوی.
عزەت دووری پیاوی دووەمی دەوڵەتەكەی بەعس و كەسێ یەكەمی ناو پیاوانی عەشیرەتەكانی سوننی، لە دوای رووخانی ڕژێمەكەیانەوە تا ئێستەش یەكێكە لەو داواكراوانەی كە ون بوو و نەتوانرا بگیرێت، بەشێك لە چاودێرانیش پێیان وایە بەهۆی زۆریی پێوەندیی كۆمەڵایەتی لەناو عەشیرەتەكانی عێراقدا، توانی خۆی ون بكات.