بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان دەڵێت، دەستیان بەسەر 44 مەلزەمەی ڕووپۆشكراو بە مادەی هۆشبەر لە جۆری (كریستاڵ)دا گرتووە.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە مەبەستی پشكنینی زانستی، لە تاقیگەی پەیمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی، پشكنین بۆ مەلزەمەكان دەكەن، ئەنجامی پشكنینەكانی تاقیگە دەریانخست ژمارەیەك مەلزەمە بە مادەی (ئەمفیتامین) كریستاڵ ڕووپۆش كراون.
ئەم چالاكییە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی پێشوەخت و پاش بەدواداچوون و چاودێریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان كرا.
ئاماژە بەوەش كراوە، بازرگانان ویستوویانە بە تەكنیكێكی نوێ مادە هۆشبەرەكان بەشێوەی ترانزێت بیهێننە هەرێمی كوردستان و بیگوازنەوە بۆ بەریتانیا، بەڵام بە لێهاتوویی هێزەكانی ئاسایش و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، توانرا تۆمەتبارێك بگرن و سەرجەم مەلزەمەكان دەستی بەسەردا بگیرێت.
ئێستە تۆمەتبار بە مادەی (26) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان، ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.