كەشوهەوا فێنێك دەبێت

:: PM:02:40:23/07/2024 ‌
شارەزایەكی كەشناسی رای دەگەیەنێت، لە  رۆژی پێنجشەمی ئەم هەفتەیە تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو پلەكانی گەرمی روو لە نزمبوونەوە دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تەمووز، شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، سبەی پلەكانی گەرمی بە بەرزی دەمێنەوە لە زۆربەی ناوچەكان، ئەویش بەهۆی مانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی هاتووی باكوری ئەفریقی.

زیاتر گوتی، لە كۆتایی هەفتە و بەولاوە تا ناوەڕاستی هەفتەی تر، بەهۆی كشانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی باكوری ئەفەریقاوە و كاریگەریی بارستە هەوایەكی لاوازی فێنكی باكور لە توركیاوە، پلەكانی گەرما لە پێنجشەمی ئەم هەفتەیەوە تا ناوەڕاستی هەفتەی تر بەڕێژەی دوو تا سێ‌ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە لە سەرجەم ناوچەكان.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر گۆڕانكاریی گەورە ڕوو نەدات و تێكنەچێ، لە نزیك كۆتایی مانگ و بەتایبەتی لە 29 ی تەمووزی ئەم مانگە بەولاوە، بۆ ماوەیەك بەهۆی هاتنە خوارەوە تەوژمە هەوایەكی تری فێنك لە ڕووسیاوە و كارتێكردنی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما بەڕێژەی سێ‌ تا چوار پلەی سیلیزی تر دادەبەزن.

بەگوتەی ئەو كەشناسە، ئەو فێنكاتییە وادەكات پلەكانی گەرما بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە ئاستێكی  خوار ئاسایی ساڵانە و تا ئاسایی ساڵانەی خۆیدا بێت و كەشێكی فێنكتر دێتە ئاراوە.



وشە - رامیار جەواد