ڕۆژنامەی "تایمز"ـی بریتانی ڕاپۆرتێكی مەترسیداری بڵاو كردەوە، تێیدا باس لەوە دەكات كە زانایان بۆ هۆكارەكانی زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە لەناو گەنجانی بیستەكان و سییەكانی تەمەن دەگەڕێن و دەیانەوێت بە وردی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تەنیا لەناو وڵاتی ئینگلتەرادا، ڕێژەی 24% شێرپەنجە لەناو ئەوانەدا زیادی كردووە كە تەمەنیان خوار 24 شاڵە، بەمەش بە بەراوردی داتای نێوان ساڵی 1995 بۆ ساڵی 2019 و ئامارەكەش لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی بریتانی بۆ شێرپەنجە وەرگیراوە و تێیدا پشكنین بۆ زیاتر لە 35 هەزار بریتانی كراوە كە تەمەنیا لە نێوان 25 بۆ 49 ساڵە.
لە بەرانبەردا، ڕێژەی تووشبوون لەنێوان ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 75 ساڵەوەیە، بەرەو كەمی دەڕوات. واتە لە ساڵی 2005 بۆ سەرەوە، ساڵانە ڕێژەكە كەم دەبێتەوە، كەچی تووشبووانی نێوان 20 بۆ 34 ساڵ، تا دێت هەڵدەكشێت.
لە هەموو جۆرەكانی شێرپەنجەدا، هەوكردنەوە (ئیلتیهاب) ڕۆڵێكی زۆر دەبینێت لە دروستبوونی خانەی شێرپەنجەدا، چونكە شانە هەوكراوەكان زیاتر ئامادەن بۆ شێرپەنجە، چونكە لە خانە لاوازەكاندا دروست دەبێت، بە تایبەتی كاتێك هەوكردنەوەت هەیە و كهوول دەخۆیتەوە، یان جگەرە دەكێشیت، یان تووشی ژینگەیەكی پیس و ئۆكسجینی ناخاوێن دەبیت، یانیش مادە كیمیاییەكان هەڵدەمژیت.
جیاوازیی ناوچەیی لە ڕێژەکان و جۆرەکانی شێرپەنجە هەیە، بەرزترین ڕێژەی شێرپەنجەی سەرەتایی لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکای باکور و ئۆقیانووس دەبینرێت، بەڵام بەراوردکردن لە نێوان کۆریای باشوور و ژاپۆنی دراوسێیدا، جیاوازیی زۆر هەیە.
کۆریای باشوور لە ڕووی ئابووری و نەتەوەییەوە هاوشێوەی ژاپۆنە، بەڵام شێوازی ژیان لە کۆریا نزیکترە لە ژیانی ئەمەریکا و ئەورووپای ڕۆژئاوا، هەروەها وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی شێرپەنجە سەرەتاییەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی هەرس هاوشێوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی داهات بەرز بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش مانای وایە ئەو شێوەژیانەی خۆرئاوا، ئەگەری شێرپەنجە دروست دەكات.
ڕەنگە قەڵەوی هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ سەرەتای شێرپەنجە، جگە لە خواردنەوە کحولیەکان. دکتۆر ئاپارنا پاریخ، یاریدەدەری مامۆستای پزیشکی لە قوتابخانەی پزیشکی هارڤارد و بەڕێوەبەری پزیشکی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە لە گەنجانی پێگەیشتوو لە نەخۆشخانەی گشتی ماساشوستس هاوڕایە.
پاریخ دەشڵێت، ئەوانەی تووشبوون لەوانەیە تووشی بەرکەوتنی ژینگەیی وەک پلاستیکیش بن، هەربۆیە زوو تووشبوون پەیوەستە بە یەکتربڕینی هۆکارەکانی ژینگە و شێوازی ژیانەوە.