دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاری دا بە هەڵگرتنی باج لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناواخانەکان دەڵێت، لە ڕابردوو سەرۆکی حکوومەت بەدەم داواکارییەکانی ئێمە هات، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆش گۆڕانکارییەکی نوێ دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەم 23ی تەمووز، ڕێبین سەعید ئەندامی ئەنجوومەنی نانەواخانەکان، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان زۆر گرنگە.
زیاتر گوتی، لە ڕابردوو سەرۆکی حکوومەت لە هەرزانکردنی نان و سەمون بەدەم داوای ئێمەوە هات و بڕیاری هەرزانکردنی نانی ڕاگرت، بەو بڕیارەی ئەمڕۆش بۆی سەلماندین حکوومەت بۆ هاووڵاتییان و کاسبکاران کار دەکات.
باسی لەوەش کرد، غاز کەمێک هەرزان کراوە، ئاردیش ئێستە نرخەکەی هەرزانترە، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئێستە ئێمە قازانج بکەین، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی لە داهاتوو یان کێشی نان زیاد بکەین یان نان هەرزان بکەین.