باوكێك چوار كوڕەكەی دەكوژێت

:: PM:07:27:30/07/2024 ‌

تا دێت تاوانەكان قێزەونتر دڕندانەتر دەبن، كێشە دەروونییەكان كە رەنگە بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی و هەژاری و بێكاری و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە بێت، زۆر زیادیان كردووە، رێژەی توندوتیژی هەڵكشاوە و قوربانیایش توێژە لاوازەكانی كۆمەڵگەن لە ژن و منداڵ، لە میسر باوكێك بەهۆی خراپیی دۆخی دەروونییەوە چوار كوڕەكەی دەكوژێت. 

ئەمڕۆ سێشەم لە سەنتەری پارێزگای قەلیووبییەی میسر، خەڵكی گوندەكە ئاماژەیان كرد باوكێك، كە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە بە دۆخێكی خراپی دەروونیدا تێپەڕ دەبێت، كوشتارگەیەكی لە ماڵەكەی ناوەتەوە و لە رووداوێكی كارەساتباردا چوار كوڕەكەی كوشتووە.

هێزەكانی پۆلیس لەو پارێزگایە زانیارییان پێ گەیشت بە بوونی چوار تەرم لە گوندی حەلابە سەر بە ناوەندی قەلیوبییە، ئەوان چوونەتە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە چوار تەرمەكە هی چوار بران تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ 21 ساڵە، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە تاوانەكە لە لایەن باوكیانەوە ئەنجام دراوە.

خەڵكی ناوچەكە ئاماژەیان كرد كە دوای جێهێشتنی ماڵەوە لە لایەن هاوسەرەكەیەوە، كە پێشبینی دەكرێت ئەوە هۆكارەكە بێت، ئەو باوكە دۆخی دەروونی تێك دەچێت، بۆیە ئەو كوشتارگەی ئەنجام داوە، هێزەكانی پۆلیس باوكەكەیان گرت و ئەویش ددانی بە تاوانەكەیدا نا و ئێستە لێكۆڵینەوە بەردەوامە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل