ئیسرائیل چۆن گەیشتە ئیسماعیل هەنییە؟

:: PM:08:57:31/07/2024 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ئیسرائیل ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، كە دوێنێ بەشداری لە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی ئێران دەكرد و مێوانی تاران بووە و لە ناو خاكی ئەو وڵاتە كراوەتە ئامانج، بۆیە بەرپرسانی ئێران دەڵێن تۆڵەی دەكەنەوە، تا ئێستە لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی كوژرانی هەنییە بەردەوامە، بەڵام ئیسرائیل چۆن دەستی بەو گەیشت و كوشتی؟ 

شارەزایانی تەناهی و سەربازی ئاماژە دەكەن كە لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە هەنییە لە سەرووی لیستی داواكراوانە بۆ ئیسرائیل و هەوڵی كوشتنی دەدات، هەموو جموجۆڵەكانی لەلایەن هەواڵگریی ئیسرائیلەوە چاودێری دەكرا، بۆیە كوژرانی لە تاران ئاماژەیە بۆ دزەكردنی تەناهیی لە دەزگای پاراستنی لە پایەتەختی ئێران، پێشبینی بوونی نۆكەری مۆساد لە تاران دەكرێ كە چاودێریی جموجۆڵی ئەویان كردبێت بەر لە كوشتنی.  

سەرچاوە ئێرانییەكان ئاشكرایان كرد كە كوشتنی هەنییە لە رێگەی مووشەكێكی ئاراستەكراو راستەوخۆ بەرەو جەستەی ئەو بووە، بووەتە هۆی كوژرانی خۆی و پاسەوانێكی تایبەتی بە ناوی وەسیم ئەبو شەعبان، ئاژانسی "ئێرنا"ی ئێرانی دەڵێت، كوژرانی هەنییە سعات دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم بە كاتی تاران بووە، ئەو لە بارەگەیەكی تایبەتی شەڕوانانی دێرین لە تاران ماوەتەوە.

ئاماژە دەكات، شوێنی مانەوەی هەنییە بە مووشەكێكی هاوێژراو لە ئاسمانەوە كراوەتە ئامانج، لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی وردەكاریی رووداوەكە بەردەوامە بۆ زانینی شوێنی هەڵدانی مووشەكەكە، لەوكاتەی میدیاكانی ئیسرائیل باسی ئەوە دەكەن كە مووشەكەكەی هەنییەی كردووەتە ئامانج لە ناوخۆی ئێرانەوە هاوێژراوە، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی رای گەیاند كە شوێنی مانەوەی هەنییە لە ناوچەیەك لە باكوری تاران كراوەتە ئامانج، هەندێك لە میدیاكانی تری ئێران دووپات لەوە دەكەنەوە كە مووشەكەكە لە دەرەوەی ئێران هاوێژراوە، میدیاكانی ئیسرائیل ئەوەشیان گوت كە زیاد نەخاڵە، ئەمینداری گشتیی بزاوی جیهادی ئیسلامی ئەویش لە هەمان تەلار بووە.  

ناجی مەلاعب، شارەزای سەربازی و ستراتیجی ئاماژە دەكات، ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە لیستی سەركردەكانی حەماس و حزبوڵای ئەوانەی لە هەر كاتێكدا ئامانجی ئەون دیاری كردووە، بۆیە ئەگەری هەیە ئەوان لە رێگەی مانگی دەستكردەوە چاودێرییەكی وردیان كرابێت، جیا لە پشتبەستن بە نۆكەرەكان لەسەر زەوی بۆ چاودێریكردنیان، روونی كردەوە، بۆ چاودێریكردنی سەركردەكانی حەماس، ئیسرائیل سوود لە تەكنیكی پێشكەوتووی هەواڵگری دەبینێت، جیا لە سیخوڕەكانی لەسەر زەوی، چاوەڕوانی كاتی گونجاو بۆ كردنەئامانجیان دەكات، وەك ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تاران رووی دا.

سەبارەت بە شێوازی كوژرانی هەنییە، مەلاعب پێی وایە زەحمەتە لە رێگەی درۆنەوە بووبێت، كە هاتبێتە ئاسمانی ئێران و گەیشتبێتە ناوچەیەكی پارێزراوی تەناهی وەك تاران ئەوەش لەبەر دوو هۆكار، یەكەم هێرشەكە هاوكات بوو لەگەڵ رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی ئێران بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای وڵاتان، دووەم ئەو ناوچەیە لەژێر پاراستنی راستەوخۆی سوپای پاسداران بووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت هەنییە لە رێگەی مووشەكێكی ئاراستەكراو لە دوورەوە كرابێتە ئامانج بە هاوشێوەی كوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێرانی لە كۆتایی 2020 لە نزیك تاران و ئەوكات رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی ئەوەی كرد كە لە كوشتنی رۆبۆتێكی بكوژ بەكار هاتووە و ئیسرائیل تۆمەتبار كرا. 

مەلاعب ئاماژەی كرد، دوای هەڕەشەكەی بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەوەی دەستیان دەگاتە سەركردەكانی حەماس لەهەر شوێنێك بن، بیرۆكەیەك هەبوو بۆ بردنەدەرەوەی هەنییە سەركردەكانی حەماس لە دۆحە لە قەتەر بۆ پاراستنی ژیانی ئەوان، بەڵام بەهۆی گفتوگۆكانەوە جێبەجێ نەكرا، چونكە دەبوایە لە دۆحە بن، بۆیە پێشبینی بوونی هاریكاریی هەواڵگری لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئاڵوگۆڕیی زانیاری و هاوئاهەنگی بۆ گورزەكە دەكرێت.

محەمەد شەهاوی، شارەزای سەربازیی میسری ئاماژە دەكات، ئیسرائیل پشت بە زیرەكیی دەستكرد بۆ ئاراستەكردنی مووشەك لە درۆنە پێشكەوتووەكانی دەبەستێت، بۆیە ئەگەری هەیە لە پرۆسەی كوشتنی هەنییە لە تاران ئەوەی كردبێت، هەردوو رووداوی كوشتنی فوئاد شوكر، سەركردە لە حزبوڵا و هەنییە دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئیسرائیل چاودێریی هەموو ئامانجەكان دەكات، بە بوونی تۆڕێكی نۆكەر لەسەر زەوی، بەڵام سەرەڕای ئەوە پێی وایە كە ناپاكی لە ریزەكانی سوپای پاسداران نەكراوە.

ئیلی نیسان، شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە كە چەندان نۆكەری سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی لەناو لبنان و ئێران هەن، ئەوان بۆ دیاریكردنی ئامانجە گەورەكان بەكار دەهێنرێن بۆ كوشتنیان، جیا لە چاودێریكردنی جموجۆڵیان، پرسیاری زۆر لەبارەی هێرشەكەوە هەیە كە وەڵامیمان دەست نەكەوت، ئاخۆ هەنییە چۆن كراوەتە ئامانج؟، مووشەكەكان لە كوێوە هەڵدراون و ئەنجامدەری هێرشەكە چۆن گەیشتووەتە ئەو ناوچە هەستیارەی تەناهییەوە؟، بۆیە زانیاریی وردی هەواڵگری لەپشت هێرشەكەوەیە لەبارەی شوێنی مانەوە و ئەو ژوورەی هەنییە تیایدا بووە، چونكە نەخاڵەش هەر لە هەمان تەلاردا بووە و هیچی لێ بەسەر نەهاتووە، جیا لەوانە سوپای پاسداران كەسایەتییە زۆر تایبەتەكان لە تەلاری پارێزراو دوور لە سەنتەری پایەتەخت مێوانداری دەكات، بۆیە دزەكردنێكی گەورە بۆ ناو سیستمی تەناهیی سوپای پاسداران كراوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل