نیۆرك تایمز: پێشتر لە ژووری هەنییە تەقینەوەكە چێندرابوو

:: PM:05:18:01/08/2024 ‌

هێشتا سات بە سات زانیاریی نوێ لەسەر كوشتنی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە تاران ئاشكرا دەبێت و دوای ئەوەی گوترا كە بە مووشەک شوێنی مانەوەكەی بۆردمان كراوە، ئێستە ئەوە هاتووەتە بەر باس كە پێشتر بە نهێنی لە ڕێی خزمەتكاری خاوێنكردنەوەوە تەقینەوە لە ژوورەكەیدا چێندراوە.

پیلانی چاندنی ئەو بۆمبە لە ژووری هەنییە، پێش دوو مانگ داڕێژراوە، ئەمەش بەپێی ئەو زانیارییانەی چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان پێ كردووە، تەنانەت ئەو خزمەتگوزاری خاوێنكردنەوەیەش دەناسن كە ناوی نەشئەت بووە.

بەپێی زانیاریی پێنج كەس كە لێدوانیان بۆ "نیویۆرك تایمز" داوە، بۆمبەكە لە دوورەوە لە ڕێگەی وایەرلێسەوە تەقێنراوەتەوە، بەهۆیەوە پاسەوانی تایبەتیی ئیسماعیل هەنییەش پێوە بووە و هۆتێلەكە لەرزیوە و جامەكانی بە تەواوی شكاون و بەشێكی دیوارەكانیشی زیانیان پێ گەیشتووە. 

وەك ئەو سەرچاوانە باسیان كردووە، هەر جارێكی تریش ئیسماعیل هەنییە لە قەتەرەوە چووبێتە تاران، هەر لەو هۆتێلەدا ماوەتەوە و هەموو جار پێشوەختە بە توندی باری تەناهیی ناوچەكە ڕێك خراوە.

ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، ڕۆژی 31ی تەمووزی 2014 لەناو ئەو هۆتێلەی تێدا نیشتەجێ بووبوو لە شاری تاران کوژرا، دوای ئەوەی بەشداری لە ئاهەنگی سوێندخواردنی مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردبوو. هەنییە بە یەكێك لە كاریگەرترین سەركردەكانی حەماس دادەنرێت، بۆیە بە کوشتنى هەنییە زیانێكی زۆر بەو حزبە گەیشتووە.


وشە - عەبدوڵا عومەر