چوار هەزار سەرباز و چەندان كەشتیی جەنگیی وێرانكەری ئەمەریكی گەیشتنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:06:15:01/08/2024 ‌
رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا 12 كەشتیی جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوە پێ كردووە، ئەمەیش بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە ئەنجامی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران و بەرپرسێكی باڵای سەربازیی حزبوڵا. 

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، بەرپرسێكی پنتاگۆن بێ بڵاو كردنەوەی ناوەكەی لەلایەن "واشنتن پۆست"ەوە بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، چەند كەشتییەكی جەنگی و كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكی و تیمی هێرشكردنی ئاوی و وشكانی كە زیاتر لە چوار هەزار سەربازن لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی كەنداو و دەریای ناوەڕاستدا بڵاوەیان پێ كراوە. 

بەپێی راپۆرتە بڵاوكراوەكەی رۆژنامەكە، ئەمەریكا ئەو كەشتییانەشی كە لە دەریای سووردا جێگیری كردبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی حووسییەكانی یەمەن لەژێر رۆژشنایی و پەرەسەندنی گرژییەكان لە ناوچەكەدا گواستوونیەتییەوە بۆ ناوچەكانی كەنداو و دەریای ناوەڕاست. 

لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرونوت"ی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی ناوەندگیرە هەرێمییەكان و رۆژئاواییەكانەوە هۆشداریی داوە بە حزبوڵا لە ئەنجامدانی هەر هێرشێك و پێیان راگەیاندوون كە ئەنجامدانی هەر هێرشێك بۆ سەر ئیسرائیل سەر دەكێشێ بۆ جەنگێكی گەورە. 

لەلایەكی تریشەوە حەسەن نەسروڵا ئەمیندری گشتیی حزبوڵا هەر ئەمڕۆ بەهۆی كوژرانی بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسەوە "هەنییە" و گەورە فەرماندەی سەربازی "فوئاد شوكر" لەمیانی ناشتنی تەرمی فەرماندە سەربازییەكەدا لە گوتارێكدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل كرد و لە قسەكانیدا كە ئاراستەی ئیسرائیلی كردبوو گوتی، نێوان ئێمە و ئەوان مەیدان بوونی هەیە و با باش بزانن كە زۆر دەگرین. 

پەرەسەندنی ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێت كە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەم، ئیسرائیل؛ ئیسماعیل هەنییەى سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، كە رۆژی پێشووتر بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی ئێران كرد و مێوانی تاران بووە و لەناو خاكی ئەو وڵاتە كراوەتە ئامانج.


وشە - پۆڵا مەحموود